هاوردەکردنى بەرهەمى کشتوکاڵى لە ڕێگەى قاچاخەوە زیانى بە بەروبوومى گەرمیان گەیاندووە
لەگەرمیان چەند جۆرێكی دیاری كراو و وەرزی بەروبوومى کشتوکاڵى بەرهەم دەهێنرێت، بەجۆرێک شادیە حسێن بەڕێوەبەری گشتوكاڵى گەرمیان دەڵێت، لە وەرزی پێگەیشتنی بەروبومدا، چەند جۆرێك لە بەرهەمی گەرمیان نەک هەر توانای پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیان هەیە و هەناردەی دەرەوەش دەکرێن.
بەڵام ئەوەى ڕێگرە لەبەردەم پەرسەرندنى کشتوکاڵى ناوچەکەدا هاوردەکردنى بەرو بوومى کشتوکاڵییە لە ئیرانەوە، کە هەندێکیان بە ڕێگەى قاچاغ دەهێنرێنە سنوورى گەرمیانەوە.
بەرپرسانی ناوچەكەش بەڵێنیان بە جوتیارانى ناوچەکە داوە ڕیگە لە هاوردەکردنى بەرهەمى قاچاغ بگرن.
لە عەلوەی كەلار، هەموو بەرەبەیانێک دەیان باری جۆراوجۆر بەروبومى کشتوکاڵى بۆ دێت کە هەندێکیان بەرهەمى جوتیارانى ناوخۆن، بەڵام نورەدین کەریم بەرپرسى عەلوەکە دەڵێت، بەرهەمى ناوخۆ تەنها بڕێکى کەم لە پێداویستییەکانیان پڕ دەکاتەوە.
زیاد بوونی بەرهەمی كشتوكاڵى لە سنووری ئیدارەی گەرمیان هاوكاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و دواکەوتن و نەدانى مووچە، بایەخدانی فەرمانبەرانیش بەكەرتی كشتوكاڵ وەك سەرچاوەیەكی تری داهات هەر لەبەر ئەم هۆكارەیە.
هاتنە ئاراى تەكنیكی نوێ بۆ بەرهەمی كشتوكاڵ و جۆراوجۆركردنیان لە وەرزە جیاوازەكان هۆکارێکى ترى زیادبوونى بەرهەمى کشتوکاڵییە.
