سوتاندنی بڕوانامە ئەو دیمەنەی کە پێویستە کاربەدەستانی وڵات لەسەر بوەستن
بەڵام وا دیارە جارێکی تر تێکچونەوەی باری ئابووری کوردستان و شەڕی داعش و بەهێزبوونەوەی کەرتی چەکداری و ئەمنی و حیزبایەتی لەکوردستان وایکرد گرۆڵەی خوێندن و بڕوانامەداری بکەوێتەوە باری لێژی.
ئەمڕۆ لەکوردستان لەگەڵ تاریکبوونی ئاسۆی دامەزراندی حکومی و لەگەڵ دروستنەبوونی فرسەتی کار لەبازاری ئازادا، دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان رۆژ بە رۆژ ژمارەیان زیاد دەکات و لەگەڵیشدا بێ ئومێد و توڕەتر دەبن.
حکومەتی هەرێم لەدوانزە ساڵی رابردوودا تەنها تەکتیکێک هەیبوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بریتی بوو لەدامەزراندن لەکەرتی گشتیدا، بەجۆرێک کەباری کەرتی گشتی قورستر دەکرد و لەگەڵیدا بێکاری دەمامکراوی زیاتر دەکرد. بێ ئەوەی ستراتیجێکی دوور مەودای هەبێت بۆ فەراهامکردنی فرسەتی کار لەبازاڕدا ئەویش بەهاندانی کەرتی تایبەت و بنیادنانی ئابووری پیشەسازی و کشتوکاڵی و خزمەتگوزاری و گەشتیاری.
ئێستا کار گەیشتۆتە ئەوەی حکومەت نەدەتوانێت مووچەی ئەوانە بەڕێکوپێکی بدات کەدایمەزراندوون، نەشدەتوانێت کار بۆ ئەوانە بدۆزێتەوە کەداینەمەزراندوون. ئەمە لەکاتێکدا ئابووری هەرێمی کوردستان ئابووریەکی نەوتیە و مۆدێلەکەی مۆدێلی کرێگرتی و معاشخۆریە.
وەختێک قوتابیەکی یەکەم بروانامەکەی خۆی بەرچاوی کامێراکانی رای گشتیەوە دەسوتێنێت، لەگەڵ خۆیدا ئومێدی نەوەیەک هەڵدەقرچێنێت.. ئەمە ئەو دیمەنەیە کەدەبێت کاربەدەستانی وڵات لەسەری بوەستن.
