ئاغجەلەر؛ بەتەقەی چوار هەلیكۆپتەر ئاگر لە سنوری ٧ گوند دەكەوێتەوە
ئامانج محەممەد، قائیمقامی شارۆچكەی چەمچەماڵ راگەیاند "ئەمشەو ژمارەیەك هەلیكۆپتەر بەسەر دەشتاییەكانی ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە شارۆچكەی چەمچەماڵ فڕیون، دەشتاییەكان و كێوەكانی گوندەكانی گەڕاویان ئاگر تێبەرداوە. بەو هۆیەشەوە پوش و پاوان و بێستانی ناوچەكە زیانی بەركەوتووە و ئاگرەكە بەردەوامە".
ئامانج محەممەد گوتیشی "لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر قسەم كردووە، ئەویش رووداوەکەی پشتڕاستكردووەتەوە. ئاگر كەوتووەتەوە، بەڵام پشتڕاست نەكراوەتەوە لەلایەن كێوە ئەم كارە ئەنجامدراوە".
قائیمقامی شارۆچكەی چەمچەماڵ دەشڵێت "پێدەچێت ئەو هەلیكۆپتەرانە بێ ناسنامە بن. ئەوە دووەم و سێیەمینجارە حاڵەتی لەو شێوەیە لە سنوورەكەی ئێمەدا روودەدات، بەڵام بەداخەوە هەردوو لایەنی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایی ناوخۆی وەزارەتی ناوخۆ، كە لایەنی پەیوەندارن بە ئاشكراكردنی حاڵەتی لەو شێوەیە، بەڵام تاوەكو ئێستا بێ ئاگایی خۆیان راگەیاندووە و ناكرێت هەروا دەستەوەستان بن".
رووداو-
