خاوەن پشکێک: جارێکی دیکە ئیدارەی چاڤی لاند فێڵێکی گەورەی لێ کردین

 خاوەن پشکێک: جارێکی دیکە ئیدارەی چاڤی لاند فێڵێکی گەورەی لێ کردین
خاوەن پشکێک ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئیدارەی پڕۆژەی گەشتیاریی (چاڤی لاند)، ”فێڵ“یان لێ کردوون و لە ڕۆژنامەیەکی دهۆکەوە بانگهێشتنامەیان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە بڵاو کردووەتەوە. باسیش لەوە دەکرێت کە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تاوەکوو خاوەن پشکەکان ئاگاداری کۆبوونەوەکە نەبن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 28\8\2016، نەژاد ڕەشید عەزیز، یەکێک لە خاوەن پشکەکانی پڕۆژەی گەشتیاریی (چاڤی لاند) ڕاگەیاند: ”ئێمە 9 هەزار و 700 کەسین، ماوەی 4 یان 5 ساڵە پشکمان لە چاڤی لاند هەیە، بەڵام ئیدارەیەکی چەتە و مافیا لەو پڕۆژەیە دانراوە، گوتیان لە مانگی 8 دەستەیەک بۆ ئیدارەی چاڤی لاند هەڵدەبژێرین و گوتیان ئێوەش دەتوانن بەشدار بن، ئێمە ناوی خەڵکمان کۆکردووەتەوە“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”پڕۆژەی چاڤی لاند لە سلێمانییە، کەچی چوون لە ڕۆژنامەیەک لە دهۆک بانگەشەکەیان ڕاگەیاندووە و مافی نزیکەی 10 هەزار کەسیان خواردووە. لە ڕاگەیاندنەکەشیاندا باس لە دیموکراسی و شەفافی دەکەن، ئەمە دوو ڕووییە“.

بەپێی زانیارییەکانی خاوەن پشکەکانی پڕۆژەکە، سەرجەم خاوەن پشکەکان بڕی 30.5 تا 31 ملیار دیناریان لە پڕۆژەی چاڤی لاند هەیە و بڕە قازانجێکی ئەوتۆیان لەبەرامبەردا وەرنەگرتووە.

هەر سەبارەت بەو دۆسیەیە، پەیجی خاوەن پشکەکانی (چاڤی لاند) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، ژمارەیەک بەڵگەنامەی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئەوەی ڕوون کردووەتەوە: ”به‌ ئيعازى شاسوار عەبدولواحید لە ڕۆژنامەیەکی دهۆک ئەم کارە کراوە“. جەختیش لەوە کراوەتەوە کە کۆبوونەوەکە بۆ ئەندامانی دەستەی گشتی بووە کە ساڵی جارێک دەکرێت و هەر کەسێک پشکی هەبێت، دەتوانێت بەشداری تێدا بکات. مەرجەکانیش ئەمانەن:

یەکەم، پێویستە پێش 15 رۆژ پێش کۆبوونەوەکە، لە ڕۆژنامە “ئیعلان” بکرێت، بۆ ئەوەی سەرجەم خاوەن پشکەکان بەشدار بوون. دەشڵێت: “ئەمان چوون لە ڕۆژنامەى (ئەڤرۆ) لە دهۆک بڵاویان کردووەتەوە، بۆ ئەوەی کەس پێی نەزانێ و یاساییش بێت، ئیتر با هەر ریکلام بۆ خۆی بکات”.

خاوەن پشکەکان دەپرسن: “ئایا سلێمانی ڕۆژنامه‌ى تێدا نیيه‌ تا بڕۆن له‌ دهۆك بڵاوى بکەنەوە؟”.

سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ داواکردنی مافەکانیان، نەژاد ڕەشید گوتی: “ئێمە چالاکیی خۆمان دەکەین، میدیاکانیش بانگ دەکەین، ماوەیەک کەناڵی (گەلی کوردستان) دەهات، دەیانگوت دەستی لە پشتە، (کوردستان 24 یان ڕووداو) بانگ دەکەین، دەڵێن دەستی ئەوانی لە پشتە. هەر حزب و لایەنێک سلێمانیم بۆ جوان بکات و دادپەروەریم بۆ بسەلمێنێت، من هەردوو دەستی ماچ دەکەم، من کابرایەکی کاسبم، چیم داوە لە حزبایەتی”.

لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان پێیانوایە پڕۆژەکە بە ”هەڵخەڵەتاندن“ بووە و دەڵێت: ”لە سلێمانی یەکێتی و گۆڕان باڵادەستن، هیچ یەکێکیان بەرگرییان لێمان نەکردووە، ئێمە سکاڵامان لای داواکاری گشتی تۆمار کردووە، بەڵام دەترسین بە تەلەفۆنێک داواکانیشمان بە لاڕێدا ببەن“.


باسنیوز-
Top