مەلا بەختیار: عەبادی گوتی ریفراندۆم مافی خۆتانە و پێویست ناکات لە میدیاکان هەڕەشە بکەن
دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەركردە و لایەنە عێراقییەكان، مەلا بەختیار رایگەیاند، عەبادی پێیگوتوون گشتپرسی لەبارەی سەربەخۆیی مافی خۆتانە و پێویست ناكات لە میدیاكان هەڕەشە بكەن.
رۆژی یەكشەممە 28-8-2016 مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و ئەنجامی سەردانە یەك هەفتەیەكەی شاندی یەكێتی بۆ بەغدا ئاشكراكرد و رایگەیاند "چوونی شاندی یەکێتی بۆ بەغدا گرنگ بووە، بۆیە ئەنجامیانداوە".
مەلا بەختیار رایگەیاند "بۆ چارەسەری کێشەی دەستووری، سیاسی و ئابووری دەبێت بگەڕێینەوە بەغدا. دەبێت ئامانجەکانمان لە بەغداوە رابگەیێنین".
مەلا بەختیار رەتیكردەوە، شاندەكەی یەكێتی هیچ داخوازییەكی حیزبی هەبووبێت، بەتایبەت لەبارەی هاوكاری دارایی یەكێتی و رایگەیاند "داخوازییەکانمان بۆ چارەسەرکردنی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان و چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بووە".
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەر سیاسەتی ناوچەکە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق گفتوگۆیان کردووە و داوایانکردووە عێراق لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا دژی کورد نەوەستێتەوە. گوتیشی "لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتان قسەمان کرد لەبارەی دروستنەبوونی بەرەی دژ بە کورد".
هەر لەبارەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق، مەلا بەختیار باسیلەوەكرد، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەولێر و سلێمانی کێشەی ئێستان و دەبێت چارەسەر بکرێن. یەکێتیش بەشێک دەبێت لە نێوەندگیری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
بۆ چارەسەری كێشەكانیش مەلا بەختیار دەڵێت، دەبێت لایەنە سیاسییەکان هەموویان بەیەکەوە بە پرۆژەوە بچنە بەغدا و گفتوگۆ بکەن. گوتیشی "حکومەتی عێراق ئامادەیە لەبارەی نەوت گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات ".
لەبارەی گفتوگۆكانی شاندەكە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا لەبارەی گشتپرسی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت "ئەنجامدانی ریفراندۆم کارێکی ئاساییە و ئەوە بەمانای ئەوە نایەت کە دەوڵەت رادەگەیێنین. لەو بارەیەوە عەبادی گوتی ریفراندۆم مافی خۆتانە و پێویست ناکات لە میدیاکان هەڕەشە بکەن".
رۆژی پێنجشەممە 25-8-2016 شاندی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بە سەرۆكایەتی مەلا بەختیار لەگەڵ حەیدەری عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
پێشتر سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نێوەڕۆکی دانیشتنەکەی بۆ میدیای حیزبەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاندبوو "لەبارەی پرسی مافی چارەی خۆنووسین عەبادی رایگەیاند، رێگە لە مافی چارەی خۆنووسین ناگرین و مافی ھەموو گەلێکە و مافێکی سەلمێنراوە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە. ھەنگاوەکانی گەیشتن بەو مافەش رێگەی لێناگیرێت، بەڵام دەمانەوێت لەیەکدی بگەین، کە ئێمە وەکو عێراق لەسەر ئەو بەرنامەیە کاربکەین کە پێکەوەدەبین، یان لەسەر ئەو بەرنامەیەی کە جیادەبینەوە. پێشمان خۆشە ببینە دراوسێیەکی باش".
رۆژی 22-8-2016 شاندێکی باڵای یەکێتی بە سەرۆکایەتی مەلا بەختیار و ئەندامێتی قادر عەزیز و سەعدی پیرە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و خالید شوانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ زۆربەی بەرپرسانی حیزبی و حکومی عێراق کۆبوونەوە.
