دزەیی: كاتی سه‌ردانی شاندی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ بەغدا دیاری نەكراوە

 دزەیی: كاتی سه‌ردانی شاندی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ بەغدا دیاری نەكراوە
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، باس له‌وه‌كراوه‌ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، بەڵام تا ئێستا هیچ كاتێك و بەرنامەیەك بۆ ئەم سەردانە دیاری نەكراوە.

(سەفین دزەیی)، ڕایگەیاند: "باس له‌وه‌كراوه‌ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، بەڵام تا ئێستا هیچ كاتێك و بەرنامەیەك بۆ ئەم سەردانە دیاری نەكراوە".

(دزەیی) گوتیشی:"زۆر كێشە لە نێوان هەردوولادا هەن كە كێشەكانیش هیی رۆژێك و دوو و رۆژ نین، بەڵام ئەوەی ئەولەوییەتی هەیە، هەماهەنگیی نێوان هەردوو لایە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش كە ئەمەیش لە سەرووی هەموویانەوەیە، لە رووی ئەمنییشەوە تا رادەیەك هەماهەنگی لە نێوان بەغدا و هەلێردا هەیە".

په‌یوه‌ست به‌ ئازادكردنی مووسڵ و بەشداریكردنی پێشمەرگەش (دزەیی) گوتی: "پێشتر كۆبوونەوە لە نێوان هەردوولادا هەبووە، بەڵام بڕیارە بەم زووانە لە سەر ئاستی باڵا كوبوونەوەیەكی فراوان بكرێت بۆ گفتگوكردن دەربارەی پرۆژەی هاوبەش و هاوكاریكردن سەبارەت بە ئازادكردنی مووسڵ".

گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ده‌شڵێت، سەرۆكی هەرێم بە ئاشكرا بە بەغدای گوتووە پێشمەرگە دەتوانێ هاوكار بێ بۆ ڕزگاركردنی مووسڵ بەپێی رێككەوتنەكه‌ی نێوان هەولێر و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا، بەڵام پێویستە پێشوەختە دانوستانێكی جیددی بۆ داڕشتنی پلانێكی هاوبەش هەبێت".











KDP
Top