پارەی سەرپێچی كامێرا دەبێتە قیستی مانگانە
كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رۆژنامەی هەولێری راگەیاند، بەفەرمی داوایان لە حكومەت كردووە بە لەبەرچاوەگرتنی بارودۆخ و ژیانی هاونیشتمانیان و ئەو قەیرانە داراییەی رووبەڕووی خەڵك بووەتەوە، بڕی سزای سەرپێچی كامێراكانی هاتووچۆ بكرێتە قیستی مانگانە.
شنگالی دەڵێت "ئەو كێشەیە تەنیا بەو میكانیزمە دەتوانرێت چارەسەر بكرێت و هاووڵاتیان سەرپێچییەكانی هاتووچۆ بەشێوەی قیستی مانگانە بدەن". ئەم بڕیارە بەپێی رێنمایییەكی نوێ پەیڕەودەكرێت و بەپێی زۆری سەرپێچییەكە دەبێت، واتا ئایا ئەو سەرپێچییەی هەیە چەندە و چۆن دەخەمڵێندرێت، دابەشی سەر مانگانەكەی دەكرێت و لەوبارەیەوە وەزارەتی ناوخۆ بارودۆخ و ژیانی شوفێران رەچاودەكات.
وەزیری ناوخۆ روونیكردووەتەوە، ئەو بڕیارە لە كۆبوونەوەی رۆژی پێنجەشممەی رابردوو 25-8-2016 ی ئەنجوومەنی وەزیران گەیشتووەتە قۆناخی كۆتایی و وەك پڕەنسیپی بڕیار دراوە، بەم زووانە دەخرێتە واری جێبەجێكردنەوە و چاوەڕوانی دەرچوونی بڕیار دەكرێت.
