گەرمیان 15 بلۆكی نەوتی هەیە و بێ پاڵاوگەیە
سنووری ئیدارەی گەرمیان 15 بلۆکی نەوتی تێدایە و شەش بلۆکیش کاری پشکنین و لێدانی بیری نەوتی تەواو بووە. ئێستا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان نەوت بەرهەمدێت، بەڵام هیچ پاڵاوگەیەکی نەوتی تێدا نییە.
ئیدارەی گەرمیان و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی چاوەڕوانی رەزامەندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەکەن بۆ دروستکردنی پاڵاوگەیەکی نەوتی لەو سنوورە. لەڕێگەی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە داوای کردنەوەی پاڵاگەیەکی گەورەیان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردووە.
غالب محه‌ممه‌د، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی دەڵێت "گه‌رمیان باشترین شوێنه بۆ پاڵاوگه، چونكه كوالێتی نه‌وتی باشه و پێویستی به تانكه‌ر نابێت، چونكه زه‌وی فراونی هه‌یه له ته‌نیشت بیره‌كان بۆ پاڵاوگە. بۆیە ده‌بێت گەرمیان پاڵاوگه‌ی تێدا دروستبكرێت، به‌ڵام وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان وه‌ڵامی نه‌داوینه‌ته‌وه".
شاهۆ عه‌بدوڵڵا، شاره‌زا له بواری نه‌وت دەڵێت "دروستكردنی پاڵاوگە جەنجاڵی رێگاكان ناهێڵێت و شه‌قامه‌كان خراپ نابێت. هاوكات هەلی كار بۆ زیاد له سێ هه‌زار كه‌س ده‌ڕه‌خسێنێت".
تەنیا دوو پاڵاوگەی یاسایی و گەورە لە هەولێر و سلێمانی هەن. رۆژانە هەرێمی کوردستان پێویستی به سێ ملیۆن لیتر سوتەمەنی هەیه، لەو بڕەش نزیكەی 55% لە دەرەوە هاوردە دەکرێت و 45%ـیش لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت.
شێركۆ جه‌وده‌ت، ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و گاز له په‌رله‌مانی كوردستان دەڵێت "به‌دڵنیاییەوه ئێمه بازرگانی نه‌وت و ئاڵوگۆڕی نه‌وتیمان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه. ئێستا باسی بۆریش ده‌كرێت كه له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران دروستبكرێت، لەبه‌رئه‌وه گه‌رمیان ناوچه‌یەكی گرنگه له‌ڕووی ستراتیژی سرووشتی، ئه‌گه‌ر پاڵاوگه دروستبكرێت ئه‌وا گرنگی زۆری ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پاره زۆری هه‌یه به‌هه‌ده‌ر نه‌ڕوات".
حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە چوار پاڵاوگەی گەورە دروستبكات، كە هەریەكەیان لە پارێزگایەك دەبێت.
رووداو -
