ئەنجومەنی وەزیران: هەڤاڵ ئەبوبەکر ناتوانێت هەموو دەسەڵاتەکانی پارێزگار بەکار بهێنێت

 ئەنجومەنی وەزیران: هەڤاڵ ئەبوبەکر ناتوانێت هەموو دەسەڵاتەکانی پارێزگار بەکار بهێنێت
بەرپرسی فەرماندەی هەماهەنگی و زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، پارێزگاری سلێمانی دەسەڵاتەکانی خۆی بە جێگرەکەی داوە، بۆ ئەوەی کاروبارەکان ڕاپەرێنێت.

د. نووری عوسمان، بەرپرسی نووسینگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “هەڤاڵ ئەبوبەکر، سەردار قادری جێگری پارێزگاری سلێمانی داناوە، تاوەکوو کارەکان ڕاپەڕێنێت، چونکە لە ڕووی یاساییەوە خۆی ناتوانێت مامەڵە بکات”.

ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی ئەوەی لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە مەرسوومی هەرێمی بۆ دەرنەکراوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر ناتوانێت تەواوی دەسەڵاتەکانی پارێزگار بەکار بهێنێت، بۆیە: “هەموو دەسەڵاتەکانی داوەتە جێگرەکەی، بۆ ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە گرفتی تووش نەبێت، بەم شێوەیەش دەتوانێت کاروبارەکان ڕاپەرێنێت، چونکە بەپێی یاسا سەردار قادر دەتوانێت مامەڵە بکات، وەک پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت".

ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو 25\8\2016، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە دانیشتنێکدا هەڤاڵ ئەبوبەکری لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان وەک پارێزگاری سلێمانی دەستنیشان کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی مەرسوومی هەرێمی دەرنەکراوە، سەردار قادر، جێگری پارێزگاری سلێمانی، لە لێدوانێکیدا گوتی: “ئێستا تەنیا من بە شێوەیەکی فەرمی پارێزگاری سلێمانیم بە وەکالەت”.









باسنیوز
Top