کچە بەندکراوێکی کورد شەش مانگە چارەنووسی ناڕوونە

 کچە بەندکراوێکی کورد شەش مانگە چارەنووسی ناڕوونە
کچە چالاکوانێکی کورد بەناوی مەنیژە فاتحی خەڵکی ساری بۆکان ماوەی شەش مانگە لەلایەن ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر کراوە، بەڵام چارەنووسی هێشتا ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان و کورد، مەنیژە فاتحی لە مانگی شوباتەوە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات لە ماڵی خۆیان لە شاری بۆکان، دەستگیر کراوە، ئێستا دوای تێپەڕینی شەش مانگ، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و کەس بە هەواڵی نازانێت.

کەسێکی نزیک لە مەنیژە دەڵێ بنەماڵەکەی لەو شەش مانگەدا بەردەوام سەردانی ئیدراەی ئیتلاعاتی بۆکان و ورمێیان کردوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی ڕاستیان لێ وەرنەگرتوون و ئەوەش وای کردووە نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە چارەنووسی ناڕوونی کچەکەیان چەند قات زیاتر بێت.

هەتا ئیستا هۆکاری گیرانی ئەو کچە و ئەو تۆمەتانەی دەراونەتە پاڵی ڕوون نەبوونەتەوە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا زیاتر لە 60 چالاکوانی کورد لە شارەکانی کوردستانی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە گیراون و بەپێی ئاماری ماڵپەڕە خۆجێیەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرکردنی هیچکام لەو کەسانە حوکمی دادگایان پێ نەبووە و تا ئێستاش سەرەڕۆیانە لە زیندانەکانی ئیتلاعاتدا بەند کراون.











باسنيوز
Top