نەوزاد هادی: ڕەنگە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی مووسڵەوە ملیۆنێک کەس ئاوارە ببن
ئەمڕۆ شەممە 27\8\2016، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند: “مەترسی لەسەر شاری هەولێر بە تەواوەتی نەماوە، بەڵام ئێستا گفتوگۆکانمان لەسەر ئەوەیە کە دوای ئازادکردنەوەی مووسڵ، چۆن ڕێگای ئاوارەکان بکەینەوە”.
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئێستا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لە گفتوگۆدان و هەماهەنگیی تەواو هەیە. گوتیشی: “لە خازر شوێنێک دیاری کراوە بۆ ئەوەی لە کاتی شەڕی مووسڵدا ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ بکرێت”.
نەوزاد هادی پێشبینی دەکات، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ، زیاتر لە ملیۆنێک کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان ببن. دووپاتیشی کردەوە: “ئێستا ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین کە لە ناوچەی خازر شوێنێک دروست بکەین، سەرجەم ئاوارەکان لەخۆ بگرێت و پێویستییەکانی ژیانی تێدا بێت”.
باسنیوز
