خوشک و برایەکی سەڵت لە کۆیە ماوەی چەند ساڵێکە پێکەوە خەریکی باخدارین
ئێستا ئەو خوشکوبرایە خەریکی باخدارین و باخێکی پڕ بەرهەمیان دروستکردووە کە ساڵانە رێژەیەکی زۆر میوە دەخەنە بازاڕی کۆیە و هەندێکیشی بۆ دەرەوەی ئەم شارە هەناردە دەکرێ
باخدارییەکەی ئەو خوشک و برا باکگراوندێکی زانستی هەیە چونکە مام کەریم ساڵی ١٩٧٣ بەشی دارستانی لە پەیمانگای ھەولێر تەواو کردووە و نزیکەی ٣٧ ساڵ کارمەندی بەشی نەمام و دارستان بووە لە کۆیە.
لەسەر رووبەری ٤ دۆنم زەوی، مام کەریم و خەیرییەی خوشکی باخێکی گەورەیان دروستکردووە و نزیکەی ٢٨٠٠ داری بەرداری تێدایە وەکو داری هەنجیر ... پرتەقاڵ... قۆخ و قەیسی... هەنار و ترێ
ئەو خوشک و برایە زۆربەی کاتەکان لەناو باخەکەیاندان و دەڵێن بەردەوام خەریکی خزمەتکردنی دارودرەخت و نەمامەکانیانن، هەر ئەوە نییە بەڵکو ئەزموونێکی زۆریان لە بواری باخداریی و پەرەدان بە بەروبوومی میوە کۆکردووەتەوە
بەهۆی چیرۆکی هاوسەرگیریی نەکردن و دروستکردنی باخێکی گەورەی پڕ بەرهەم، مام کەریم و خەیریەی خوشکی بوونەتە دوو کەسایەتی ناسراوی کۆیە و بۆ پەرەدان بە باخداری خەڵکێکی زۆر دەچێتە لایان و پرسوڕاوێژیان پێدەکەن
