لەبەر بێ مووچەیی کوردانی کەرکووک خانووەکانیان دەفرۆشن
مەردان سیروان تەمەن 70 ساڵ، زیاتر لە 25 ساڵە خانووێكی هەیە، بەڵام درەنگكەوتن و بێ مووچەیی ناچاری كردووە بیر لە فرۆشتنی خانووەكەی بكاتەوە و دەیەوێ بە پارەکەی خەرجی رۆژانەی دابین بکات.
زۆربەی کوردانی شاری کەرکووک مووچەیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن، بۆیە قەیرانی دارایی زیاتر كاریگەری لەسەر ئەوان داناوە.
حەکیم سابیر، خاوەنی یەكێك لە نووسینگەكانی کڕین و فرۆشتنی زوی و خانوو بە رووداوی گوت "ئێستا خەڵکێکی زۆر خانوو دەفرۆشن، هەیە خانووی تاپۆ دەفرۆشێت و خانووێكی بێ تاپۆ دەکڕێت، لەبەرئەوەی 10 بۆ 15 ملیۆنی بۆ دەمێنێتەوە، هەروەها ئێستا عەرەب و تورکمان خانوو دەکڕن، عەرەبی شیعە هەیە پارەیان دەدەنێ خانوو بکڕن".
لایەنی پەیوەندیداریش درکیان بە مەترسییەکانی ئەو دیاردەیە کردووە و ئێستا لە هەوڵدان رێوشوێنی تووند بۆ گۆڕینی خاوەندارێتی زەوی و خانووی موڵک دابنێن، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کەرکووکی نین.
کامیل ساڵەیی، قائیمقامی کەرکووک بە رووداوی گوت "فرۆشتنی موڵک، خانوو، دوکان و بازاڕ لەنێو شاری کەرکووک بەتایبەتی بۆ خەڵکی ناکەرکووکی مەسەلەیەکی زۆر زۆر هەستیارە و کاریگەری زۆری لەسەر ئایندەی کەرکووک دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەم بابەتە بەدواداچوونی بۆ نەكرێت و لەژێر کۆنتڕۆڵ نەبێت".
