تەرمی ژنە نەناسراوەكان بوونە پێنج
ئێوارەی رۆژی 13/8/2016 پۆلیس لە دۆزینەوەی تەرمی ژنێك لە نێوان ناحیەی دارەتوو و شاری زەیتوون لە شاری هەولێر ئاگادار كرانەوە. پاشان تەرمەكەیان بۆ پەیمانگەی پزیشكی دادی هەولێر گواستەوە. سەرچاوەیەك لەو ناوچەیە بە (رووداو)ی گوت "كاتێك ئەو تەرمە دۆزرایەوە، هێشتا خوێنی لەبەر دەڕۆیشت، دیار بوو تازە كوژرابوو، تەرمەكە لە چۆڵەوانییەك لە نێوان شاری زەیتوون و ناحیەی دارەتوو فڕێدرابوو، هیچ ناسنامەیەكی پێ نەبوو، بۆیە نەناسرایەوە".
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (رووداو) لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتوون، ژنەكە بە گوللەیەك كوژراوە. ئەو سەرچاوەیە گوتی "تەرمەكە هیچ ناسنامەیەكی پێ نەبووە، بۆیە نازانرێت كوردە یان نا، بەڵام پێدەچوو تەمەنی لە سەرووی 30 ساڵانەوە بێت. ژنەكە پانتڵۆنێكی كاوبۆی و كراسێكی لەبەردابوو و قژێكی زەردی هەبوو". بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، بە ماوەیەكی كەم دوای كوژرانەكەی، خەڵكی ناوچەكە بە رووداوەكەیان زانیوە.
پۆلیسی شاری هەولێر سەرقاڵی بەدواداچوونە بۆ دۆزینەوەی بكوژانی ئەو ژنە، بەڵام وەكو سەرچاوە ئاگادارەكە گوتی "شوێنی فڕێدانی تەرمەكە چۆڵەوانی بووە و بەڕێكەوت دۆزراوەتەوە، لەبەرئەوە تائێستا نازانرێت ئەو ژنە هەر لە شوێنی فڕێدانی كوژراوە، یاخود لە شوێنی دیكە كوژراوە و لەوێدا فڕێدراوە، بۆیە لێكۆڵینەوە لە ناسنامە و دۆزینەوەی بكوژان و هۆكاری كوشتنەكەی دەكرێت".
تەرمی ئەو ژنە تاوەكو پێنج رۆژ دوای دۆزینەوەشی، هەر لە پەیمانگەی دادپزیشكی هەولێر بوو. سەرچاوەیەك لەو پەیمانگەیە بە (رووداو)ی گوت "دوای توێكاری دەركەوت تەنیا شوێنی گوللەیەك بەسەریەوە بوو، بەڵام ئەشكەنجە نەدراوە". گوتیشی "تەرمەكەی هێشتا هەر لە پەیمانگەیە و كەس خۆی لێ نەكردووەتە خاوەن".
بە گوتەی سەرچاوەكەی پەیمانگەی پزیشكی دادی، لە ماوەی ئەمساڵدا تەرمی دوو ژنی دیكەی نەناسراو گەیاندراونەتە پەیمانگەكەیان. بەپێی بەدواداچوونەكانی (رووداو)یش ئەمساڵ تەنیا تەرمی دوو ژنی دیكەی نەناسراو لە ناوچەكانی كوردستان دۆزراونەتەوە، یەكێكیان شەوی 11/1/2016 لە شاخێكی گوندی خوامرادی نزیك شارۆچكەی چەمچەماڵی سەر بە شاری سلێمانی لەلایەن دوو شوانەوە دۆزرایەوە.
دوای پشكنین دەركەوت بە چەند گوللەیەك كوژراوە. هەروەها رۆژی 12/2/2016 تەرمی ژنێكی دیكە لە ناوچەی گەلی زەنتە لە نزیك شارۆچكەی ئاكرێ دۆزرایەوە كە نزیكەی پێنج گوللەی لێ درابوو. بە گوتەی بەرپرسە ئەمنییەكانیش كە ئەو كاتە قسەیان بۆ (رووداو) كرد، پێدەچوو پێش ئەوەی بە گوللە بكوژرێ، خنكێنرابێت.
بەپێی یاسای پزیشكی داوەری و توێكاری، هەر تەرمێكی بێ خاوەن دوو مانگ دەهێڵدرێتەوە، ئەگەر خاوەنی نەبوو لەلایەن شارەوانییەوە دەنێژرێت، بەڵام ئەگەر تەرم زۆر بوو یاخود كارەبا خراپ بوو، ئەوا بەوەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر، پێش تەوابوونی ئەو وادەیە، تەرمەكان لە گۆڕستانێكی تایبەتدا دەنێژرێن.
