شاندی یەكێتی لە بەغدا لەگەڵ نوری مالکی کۆبوونەوە

شاندی یەكێتی لە بەغدا لەگەڵ نوری مالکی کۆبوونەوە
مەبەست و ئامانجی سەردانی شاندی یەكێتی بۆ بەغدا ئاشكرا بوو کە لەگەڵ نوری مالکی کۆبوونەوە بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی سیاسی و هەروەها کۆبوونەوە لەگەڵ حزب و لایەنەکانی دیکەدا.

ماوەی چوار رۆژە شاندێکی باڵای یەکێتی لە بەغدایە و لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ژمارەیەك كۆبوونەوەی ئەنجامداون، ئەندامێکی شاندەکەش رایدەگەیێنێ، ئەمڕۆ لەگەڵ هەردوو باڵیۆزی ئەمریکا و تورکیا لە عێراق کۆدەبنەوە.

شاندەكە بۆ دوو مەبەست چووە، یەكەم: بەشداریکردنی یەکێتی لە کۆبوونەوەی باڵای پارتەکان بۆ پێکهێانی ئەنجوومەنی سیاسی عێراق، دووەمیان کۆبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق. وەك سەعدی پیرە باسی دەكات، ئامانجیش لە كۆبوونەوەكان چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بووە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامی شاندی یەکێتی بۆ بەغدا، لەكاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی رووداو، لەبارەی سەردانەکەیان بۆ بەغدا رایگەیاند"کۆبوونەوەکانمان بەسەرکەوتوویی ئەنجامداون و ئەمڕۆش لەگەڵ هەردوو باڵیۆزی ئەمریکا و تورکیا لە عێراق کۆدەبینەوە".

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەروەها گوتی" هاتنی ئێمە وەک شاندی یەکێی نیشتمانیی کوردستان بۆ بەغدا بۆ دوو مەبەست بوو، یەکەمیان بریتییە لە بەشداریکردنی یەکێتی لە کۆبوونەوەی باڵای پارتەکان بۆ پێکهێانی ئەنجوومەنی سیاسی عێراق، دووەمیان کۆبوونەوەی یەکێتی بووە لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق".

سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێانی ئەنجوومەنی سیاسی، هەریەك لە حیزبەكانی (پارتی، یەکێتی و گۆڕان) بەشداریان کردووە، پارتی لەڕێگەی هۆشیار زێباری، یەکێتی مەلا بەختیار و نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕانیش شۆڕش حاجی بووە، لەسەر داوەتی سەرۆککۆمار بەشداریمان کردووە".

لەبارەی ئامانجی کۆبوونەوەکانی شاندی یەکێتی بۆ بەغدا، سەعدی پیرە گوتی "کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارت و كەسایەتییە عێراقییەکان کردووە، وەک عەمار حەکیم، نووری مالیکی، ئوسامە نوجەیفی، حیزبی شیوعی، سەلیم جبووری سەرۆکی پەرلەمان، ئەیاد سامەرائی و حیزبی فەزیلە، ئامانجیش لەو کۆبوونەوانەدا بە مەبەستی کۆتاییهێنانی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بووە ".

رۆژی سێشەممە 22ی ئابی 2016. شاندێکی باڵای یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە پێکهاتبوو لە مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، سەعدی پیرە و قادر عەزیز، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان گەیشتە شاری بەغدا.



رووداو
Top