وەزارەتی ناوخۆ مامەڵە لەگەڵ پۆستەکەی هەڤاڵ ئەبوبەکر ناکات
لەنێو كەشێكی جەنجاڵ و پڕ لە مشتوومڕدا، لە كۆبوونەوەی رۆژی 25-8-2016، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وازنامەی ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری پێشووی سلێمانی قبووڵكرد و هەڤاڵ ئەبوبەكریشی وەك پارێزگار هەڵبژارد.
بەهۆی پابەند نەبوونی گۆڕان بە مەرسوومی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە، پارێزگاری ئێستا دەسەڵاتی ئیداریی و یاسایی نییە، بۆ ئەو مەبەستەش ئاسۆ فەرەیدوون لە رۆژی 24-8-2016 بەپێی بڕیارێك دەسەڵاتەكانی خۆی بۆ سەردار قادر، جێگری پارێزگار دابەزاندووە. بەڵام جێگری تازە هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، كە زۆرترین دەنگی لەوانی دیكە بەدەستهێنا، قسەیەكی دیكەی هەیە.
ئەنوەر تاهیر، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ رووداو گوتی" ئێمە هیچ كێشەیەكی یاسایی نابینین و پارێزگاریش بەر لە قبوڵكردنی وازنامەكەی سەرجەم دەسەڵاتەكانی بۆ جێگرەكەی دابەزاندووە، تاوەکو یەكلاییكردنەوەی رێكارە ئیدارییەكان و دیاریكردنی شایستە داراییەكان تەواو دەبن، ئەوكات هەڤاڵ ئەبوبەكر بەكرداریی كاری پارێزگاریی دەكات".
هەڤاڵ ئەبوبەكر لەنێو باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی وەك پارێزگار دەوام دەكات، بەڵام واژۆكردنی نووسراوە ئیدارییەكان و كاروبارەكانی لەلایەن سەردار قادر، كە بەوەكالەت كراوەتە پارێزگار، راییدەكرێت.
فەیسەڵ ئیبراهیم، جێگری سەرۆكی لیستی خزمەت گوتی "لەڕووی یاساییەوە ناتوانین بڵێین پرۆسەكە %100 تەواوە، بەڵام وەكو دەنگدانەكان هەمووی تەواوبوو".
بەگوتەی سادق محەممەد، سكرتێری وەزیری ناوخۆ، وەزارەتەكەی ئامادەیە مامەڵەكانی جێگرانی پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە، كە بەوەكالەت كراون بە پارێزگار، جێبەجێبكات.
سكرتێری وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەشكرد "تاوەکو سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسووم بۆ هەڤاڵ ئەبوبەكر دەرنەكات، وەزارەتی ناوخۆ؛ نە مووچەی پارێزگاری بۆ دەبەستێت، نە وەك پارێزگاریش مامەڵەی لەگەڵ دەكات".
rudaw
