ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: دەست لە یەکێتی ناکێشمەوە بەڵام پابەندی کارکردن نابم لە فراکسیۆنی یەکێتیدا
نیاز ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە وڵاتی نەرویجە بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، بەهۆی نەخۆشییەوە کوردستانی بەجێهێشتووە و مۆڵەتی فەرمی بۆکراوە و ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو دەگەڕێتەوە بۆ هەرێم و ڕۆژی سێشەممەش دەچێتەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا.
لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی لە یەکێتی، نیاز ئەحمەد ڕایگەیاند، ئەو دەستی لە یەکێتی نەکێشاوەتەوە و هەر ئەندامی یەکێتییە، بەڵام هاوڕاو و هاوهەڵوێستی چوار ئەندامەکەی دیکەیە کە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، وتیشی ئامادەنییە لە چوارچێوەی فراکسیۆنی یەکێتیدا بەردەوام بێت لە کارەکانی.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، ئەو لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە زانیویەتی کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە (ئەکرەم شەریف) ەوە بۆ (ئازاد حەمە ئەمین) گۆڕدراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هیچ پرس و ڕایەک بە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نەکراوە لەکاتی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگادا و ئەوان کێشەیان لەگەڵ (ئازا حەمە ئەمین)دا نییە کە ئێستا بووە بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ڕاشیگەیاند، ئەوان پێشتریش کێشەیان هەبووە لەگەڵ فراکسیۆنەکەیاندا.
جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، ئامادەنییە دەستبەرداری ئەندامێتی ئەنجومەنی پارێزگای و یەکێتی بێت، بەڵام لە دوای گەڕانەوەی لەگەڵ ئەندامە دەستلەکارکێشاوەکاندا کۆدەبێتەوە و دواتر ئەگەر هەڵوێستی نوێی هەبوو ڕایدەگەیەنێت.
ئەمڕۆ ٢٥ ی ئابی ٢٠١٦ پۆستەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی لەنێوان یەکێتی و گۆڕاندا ئاڵوگۆڕکران و بەهۆی گۆڕینی ناوی کاندیدی یەکێتیەوە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا چەند ئەندامێکی فراسیۆنی یەکێتی لە بەرامبەردا دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان و پێکهێنانی فراکسیۆنێکی نوێیان ڕاگەیاند.
