لەسەر پرسی گەندەڵی پەرلەمانی عێراق متمانەی لە وەزیری بەرگری سەندەوە
سەندنەوەى متمانە لە وەزیرى بەرگریى لەکاتێکدایە عێراق لە جەنگی دژی داعشدایە و دەستپێکردنى پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ یەکێکە لە پرسە گەرمەکان.
سەندنەوەى متمانە لە وەزیرى بەرگرى لەسەر ئەو تۆمەتانەبوو کە پێشتر لەسەر گەندەڵى لە گرێبەستەکانى کڕینى چەک و بەخشینەوەى ئۆتۆمبێلى هەمەر و بردنى خۆراکى سەربازانى بەرەکانى جەنگ ئاراستەى کرابوون.
فراکسیۆنە کوردییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، لەلایەن حیزبەکانیانەوە سەرپشککرابوون کە دەنگ بە سەندنەوەی متمانە لە خالید عوبەیدی بدەن یاخود، لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.
خالید موتعەب یاسین حەسەن عوبەیدی لە ساڵی ١٩٥٩ لە موسل لە دایکبووە و لە سالی ١٩٨٢ دا بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری فرۆکەوانیدا بەدەستهێناوە و بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەفسەر بووە لە سوپای عێراقدا لە ساڵی ٢٠١١ دا دکتۆرای لە زانستی سیاسیدا بەدەستهێناوە و لە ساڵی ٢٠١٤ دا کرایە وەزیری بەرگری عێراق.
لە چەند مانگی رابردووشدا، لەسەر پرسى گەندەڵى لە وەزارەتەکەیدا عوبەیدى بانگهێشتى پەرلەمان کرا، لەو دانیشتنەدا سەرۆکى پەرلەمان و چەند پەرلەمانتارێکى بە ئەنجامدانى تۆمەتبارکرد و بەهۆیەوە دانیشتنەکە پشێوى تێکەوت.
لە دووەمین دانیشتنی پەرلەماندا لەسەر ئەو پرسە بە بێ ئامادەبوونی خۆی متمانەى لێ سەندرایەوە، کە بە بڕواى هەندێک لە چاودێران ئەو هەنگاوەى پەرلەمان بۆنى تۆڵە سەندنەوەى لێدێت.
سەندنەوەی متمانە لە وەزیری بەرگریی هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنى لێپێچینەوە لە هۆشیار زێبارى وەزیرى دارایى عێراق کە چەند تۆمەتێکى لەبارەى تێوەگلانى لە گەندەڵیدا ئاراستەکراوە.
