مانا و ئاماژە و پەیامەکانی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی

مانا و ئاماژە و پەیامەکانی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی
ئەوەی لە سلێمانی ڕوویدا لەدایکبوونی ئەزموونێکی سیاسی نوێ بوو بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە هەرێمێکدا کە ساڵانێکە گیرۆدەی ئاڵوگۆڕنەکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و جێنە‌هێشتنی پلە و پۆستە.

دواجار لە سلێمانی دوای کێشمەکێشێکی سیاسی و یاسای سەخت، پۆستی پارێزگا سەختەکەی هەرێمی کوردستان و عێراق لەنێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕاندا دەستاودەستکرا.

پرۆسەی دەستاودەستکردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، ئەگەرچی لە شکڵدا وا دەردەکەوت کە پرۆسەیەکی یاسایی و کارگێڕی بێت..بەڵام لە ڕاستیدا و لە ناوەڕۆکدا پرۆسەیەکی تەواو سیاسی بوو.

ئەوەی لە سلێمانی ڕوویدا دوای ژانگرتنێکی بەهێز، لە دایکبوونی ئەزموونێکی سیاسی تازەبوو بۆ ئاڵوگۆڕی دەستەڵات لە هەرێمێکدا کە ساڵانێکە گیرۆدەی ئاڵوگۆڕنەکردنی ئاشتیانەی دەستەڵات و جێنە‌هێشتنی پلە و پۆستە..ئەوەی وا دەکات ئەم مەراسیمەش، گرنگیەکی سیاسی وەربگرێت، ئەو کات و ساتەیە کەتیایدا ڕوویدا ئەویش کات و ساتی ئاڵوگۆڕنەکردنی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمە کە زیاتر لەساڵێكە بوەتە عینوانی قەیرانێکی سیاسی گەورە لە هەرێمدا.

مەراسیمەکە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی سیاسی نێوان یەکێتی و گۆڕاندا هات، نامەیەکی سیاسی بوو بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن ئەم دوو هێزەوە، پەیامەکەش ئەوە بوو "ئەوەتا ئێمە تاکە پارێزگایەک کە لەبندەستماندایە و ساڵانێکە کێبڕکێی تێدا ئەکەین، وا پۆستە باڵاکەیمان لە نێوان خۆماندا ئاڵوگۆڕ کرد..ئێوەش چاومان لێبکەن.."

مانای دووەمی ئەم مەراسیمە، لە هەڵدانەوەی ئەو لاپەرە نوێدایە کە یەکێتی و گۆڕان وەک دوو نەیاری دوێنێ و دوو دۆستی ئەمڕۆ لەگەڵ یەکتر کردیان.. مەراسیمی پرۆڤەکردن و دەستوپەنجە نەرمکردنی دوو هێزی سیاسی بوو لەگەڵ یەکتر کە پێشتر لە هەناوی یەکتر هاتوونەتە دەرەوە و لە چەند ساڵی ڕابردوودا نەک نەیانتوانیوە پێکەوە کاربکەن، بەڵکو لایەکیان سزای سیاسی لاکەی تری دەدا و لاکەی تریشیان دەیوست ئەوەی دیکە وەک شەیتان بناسێنێت.

مانای سێهەمی ئەم مەراسیمە، بریتییە لە باڵکێشانی ململانێ ناوخۆییەکانی یەکێتی بەسەر پرۆسەکەدا..کەوایکرد باڵێکی یەکێتی لە دواساتدا مەراسیمەکە بکاتە فرسەتێکی سیاسی و کاندیدی حیزبەکەی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا دووربخاتەوە و لەبریدا کاندیدێکی باڵی دەسترۆیشتووی یەکێتی دابنرێت، ئەمەش بووە مایەی دەستلەکارێشانەوەی پێنج ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە کۆی ١١ ئەندامی ئەو حیزبە.

مەراسیمی دەستاودەستکردنی دەستەڵات لە سلێمانی بۆنەیەکی سیاسی بەهێزبوو بۆ تێپەڕاندی زنجیرەیەک پەیامی سیاسی هەم بۆ پارتی..هەم لە نێوان یەکێتی و گۆڕاندا و هەمیش لەناو یەکێتیدا.
Top