هەڤاڵ ئەبوبەکر: لەڕووی سیاسیی و یاساییەوە پارێزگاری سلێمانیم

هەڤاڵ ئەبوبەکر: لەڕووی سیاسیی و یاساییەوە پارێزگاری سلێمانیم
هەڤاڵ ئەبوبەکر ڕایگەیاند، لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە پارێزگاری سلێمانیە، بەڵام خۆی و بزووتنەوەی گۆڕان ئەوە قبوڵ ناکەن سەرۆکایەتی هەرێم کە ماوەی کارکردنی کۆتایی هاتووە، مەرسومی هەرێمی دەستبەکاربوونی دەربکات.

دوای هەڵبژاردنی وەک پارێزگای نوێی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر لە میانەی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی ئێن ئاڕ تیدا ڕایگەیاند، ئەو لەڕووی سیاسیی و یاساییەوە پارێزگاری سلێمانییە و بەڵام لە ڕووی ئیدارییەوە کاروبارەکان جێبەجێ ناکات بەهۆی بوونی کێشەیەکی یاساییەوە.

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، کە خۆی و بزوتنەوەی گۆڕان ناچنە ژێرباری ئەوەی کە مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ دەستبەکاربوونی لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە دەربکرێت لە کاتێکدا ماوەی یاسایی ئەو سەرۆکایەتییە کۆتایی هاتووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەپێی بڕیارێکی یاسایی سەردار قادر جێگری پارێزگاری سلێمانی لەبری ئەو کاروبارەکانی پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت بەڕێوەدەبات تا ئەو کاتەی چارەسەرێک بۆ کێشە یاساییەکە دەدۆزنەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر وتیشی، ئەوان وەک تیمێک بەیەکەوە کاردەکەن و خۆی وەک گۆڵچی و لە مەیدانەکەدایە و سەردار قادریش لە هێڵی بەرگریدایە ڕێگری دەکەن لەوەی گۆڵیان لێ بکرێت.
Top