پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت: قائیمقامی سلێمانی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکردوە

پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت: قائیمقامی سلێمانی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکردوە
پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت ڕایگەیاند، قائیمقامی سلێمانی لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئاراستەی پارێزگا کردوە، وتیشی ئامادەنین مەرسومی هەرێمی لە سەرۆکێکی ماوە بەسەرچوەوە بۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر دەربکرێت.

سەردار قادر پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت لە بەرنامەی تاوتوێی کەناڵی ئێن ئاڕ تیدا ڕایگەیاند، بەختیار عەبدولرەحمان قائیمقامی سلێمانی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کردوە و ئامادەن پۆستەکە ڕادەستی یەکێتی بکەن.

وتیشی، هیچ شتێک بۆ سەرۆکێکی ماوە بەسەرچوو نانێرن و گرفتێکی یاسایی هەیە بۆیە ئەو وەک پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت دەستی کردوە بە جێبەجێکردنی کارەکانی پارێزگاری سلێمانی.

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، کە دەیانەوێت مەرسومی هەرێمی بۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر، لەلایەن سەرۆکێکی شەرعییەوە دەربکرێت.

ئەمڕۆ ٢٥ ی ئابی ٢٠١٦ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانیدا هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک پارێزگاری نوێی سلێمانی هەڵبژێردرا و دەستلەکارکێشانەوەی ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری پیشوی سلێمانی پەسەندکرا.

هەروەها ئازاد حەمە ئەمین کاندیدی یەکێتی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەڵبژێردرا، لە کاتێکدا ئەکرەم شەریف پێشتر بڕیاربوو کاندیدى یەکێتى بێت بۆ پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى، بەڵام کاندید نەکرا.

لەبارەی کاندید نەکردنییەوە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەکرەم شەریف ڕایگەیاند "کاندیدکردنى ئازاد حەمە ئەمین بۆ پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى نایاساییە".

بەپێى ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان دەبوو ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە پۆستی پارێزگاری سلێمانی ئاڵوگۆڕبکرایە، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکانی بۆ ئەمڕۆ دواخست.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان بزووتەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانیدا هەیە پۆستی پارێزگاری سلێمانی دووساڵی سەرەتا لەلایەن یەکێتییەوە بەڕێوەدەبرێت و پاشان بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دووساڵی ئایندە پۆستەکە لە یەکێتی نیشتمانی وەردەگرێت.
Top