بين ئەلی یڵدرم: دوو دەروازەی دیکەی سنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەینەوە

بين ئەلی یڵدرم: دوو دەروازەی دیکەی سنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەینەوە
سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایدەگەیەنێت، کە دوو دەروازەی دیکەی سنووری لە نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان دەکەنەوە، کە بە دەروازەی ئیراهیم خەلیلەوە، دەبێتە سێ دەروازەی فەرمی.



بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیی وڵاتەکەیدا رایگەیاندووە، کە لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوتوێی بەهێزترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایان کردووە، بە تایبەت لە بواری وزە.



بیناڵی یڵدرم هەروەها رایگەیاند، بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان، دوو دەروازی سنووریی فەرمیی دیکە نێوان هەردوولا دەکرێتەوە، کە یەکێکیان دەکەوێتە ناوچەی چەلێ لە پارێزگای جولەمێرگی کوردستانی باکوور و نزیک شاری ئامێدی لە پارێزگای دهۆک لە کوردستانی باشوور.



هەروەک سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاندووە، دەروازەیەکی دیکەش لە سنووری شەمزینان لە پارێزگای جوڵەمێرگ و دەڤەری بارزان لە کوردستانی باشوور دەکرێتەوە.



بەکردنەوەی ئەو دوو دەروازە فەرمییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، ژمارەی دەروازە فەرمییەکان دەبێتە سێ دەروازەی سنووری.



رۆژی سێشەممە 23ـی ئاب، مەسعود بارزانی بە بانگهێشتی فەرمیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و وێڕای سەرۆک کۆمار، لەگەڵ بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانیش کۆ بووەوە.




باسنيوز
Top