ئەکرەم شەریف: رێگە مەدەن کودەتای سپی بەسەر یاسادا سەربکەوێت

ئەکرەم شەریف: رێگە مەدەن کودەتای سپی بەسەر یاسادا سەربکەوێت
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکان لەنێوان گۆڕان و یەکێتی، ئازاد محەممەد ئەمین، کە پاڵێوراوی یەکێتی بوو بۆ ئەو پۆستە دەستنیشانکرا، ئەکرەم شەریف، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش رایگەیاند: رێگە مەدەن کودەتای سپی بەسەر یاسادا سەربکەوێت.

پرۆسەی بەخشین لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و هەڵبژاردنی لە هەمان کاتدا بە پارێزگار، کە هەڤاڵ ئەبوبەکرە، بە لای ئەکرەم شەریف، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی "کودەتای سپییە، بەسەر یاسادا".

ئەکرەم شەریف، گوتی : "لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەندا هاتووە، کە پەسندکراوی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییە، لە یەک کاتدا رێگە نادرێت دوو پۆست لە یەک کەسدا چڕ بکرێتەوە، بۆیە بەپێی ئەو یاسایە پێویستە سەرۆکی ئەنجوومەن دەست لەکاربکێشێتەوە، ببێتەوە بە ئەندامی ئەنجوومەن، دەستەی نوێی سەرۆکایەتی ئەنجوومەن هەڵبژێردرێت، دواجار بەڕێزی رادەسپردێت بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگار".

دواتر لە دانیشتەنکەدا دانانی پارێزگاری نوێ و بەخشینی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەن، بە 23 دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن پەسند کرا و، لە بڕگەی سێیەم کە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بوو، ئازاد محەممەد ئەمین، کە پاڵێوراوی یەکێتی بوو بۆ ئەو پۆستە دەستنیشانکرا.

لە بەرامبەردا، ئەکرەم شەریف، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ناڕەزایی لەبەرامبەر کاندیکردنی کەسێکی دیکە لە شوێنی ئەو بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەن دەربڕی و گوتی: بە بڕیاری شەخسی ئەمە گۆڕانکاری تێدا کراوە، تاوەکو دوێنی من کاندید بووم، بەڵام ئەمشەو بە بڕیارێکی شەخسی و بە واستە و ژێربەژێر ناوەکە بە کەسێکی دیکە گۆڕاوە، بۆیە ئەوە یاسایی نییە، بەو پێیەی من لە هەڵبژاردنەکانی 2014 بەڕێژەیەکی بەرچاو لە پێش ئەو کاندیدەم کە دانراوە".

بەڵام دواتر ئازاد محەممەد ئەمین، بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە 22 دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن پەسند کرا.




رووداو
Top