حزبی زەحمەتكێشان داوای كۆبوونەوەی بەپەلە دەكات
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سەرەتا هیوا سەید سەلیم، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان راگەیاندراوی سیاسیی حزبەكەی خستووەتەڕوو كە تایبەت بوو بە بارودۆخی هەرێمی كوردستان و ململانێییە سیاسییەکان.
لەبارەی جیابوونەوەی باڵێكیش لە زەحمەتێكشانی كوردستان گۆڕان جەلال گوتەبێژی زەحمەتكێشانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد "كە ئێمە سەرقاڵی ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كوردین، كەچی زۆرێك لە حزبە گەورەكان دەستیان داوەتە برسیكردنی كادیرانی حزبە بچووكەكان و ویژدان و هەستیان دەكڕنەوە، ئەمە لەجیاتی ئەوەی كە مووچە و قووتی خەڵك و فەرمانبەران و كەسوكاری شەهیدانی كوردستان دابین بكەن و لایەنە سیاسییەكان لەجیاتی ئەوەی كە نێوماڵی خۆمان ڕێك بخەین، ئەوا كادیرەكانی حزب و لایەنە سیاسییەكان دەكڕن."
هەروەها ڕاشیگەیاند كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دۆستێكی نزیكی ئێمەیە، بەڵام كەسانێك دەست وەردەدەنە نێو حزبی زەحمەتێكشانی كوردستان، تاكوو ئێستاش ئێمە هیچ پڕۆژەیەكی سیاسیمان نییە بۆ یەكگرتن و هیچ بۆچوونێكی ڕاستەوخۆش لەو چوار چیوەیەدا نییە.
هەر لەو كۆنگرەیەدا داوای لە حزب و لایەنە سیاسییەكان كرد كە دەست لە كڕینی كادیر و ئەندامانی حزب و لایەنەكانی دیكە هەڵبگرن.
هەروەها گوتیشی: ئێمە هەر كاتێكیش یەكگرتن بۆ بەرژەوەندی باڵابێت ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەنجامی دەدەین بەڵام بۆ بەرژەوەندی كەسی و ململانێ ڕێككەوتن ناكەین.
لەبارەی قسەكانی قادرعەزیز كە گوایە پارتی دیموكراتی كوردستان حزبی زەحمەتكێشانی كوردستانی تێكداوە، گۆران جەلال گوتەبێژی زەحمەتێكشانی كوردستان رێز لە بۆچوونەكانی دەگرێت وهیچ بۆچوونێكمان نییە لەبارەی ئەو قسانەوە و هەر كەسێكیس قسەەیەكی دیكە بكات ئێمە وەڵامی نادەینەوە.
لە بارەی ئەو كادیرانەی زەحمەتكێشانی كوردستانیش كە جیابوونەتەوە گۆران جەلال گوتی: ئەو كادیرانە چوونەتە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە كەچی ئاشكرای ناكەن ئەو ڕۆیشتنەش كاریگەرییەكی ئەوتۆ لە زەحمەتكێشانی كوردستان ناكات و تەنها 3یان ئەندامی هەڵبژێردراوی كۆنگرەن.
دوێینێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا 6 ئەندامی سەركردایەتی و 4 ئەندامی ئەنجوومەنی بەریوەبردن و ژمارەیەك لە كادیرانی سنووری پارێزگای سلێمانی جیابوونەوەی خۆیان لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ڕاگەیاند و ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد كە ئەوان نەچوونەتە ناو یەكێتتی نیشتمانی كوردستان.
باسنيوز
