بەرپرسێکی دەست لەکار کێشاوەی یەکێتی: لەسەر باڵێکی یەکێتی حیساب کراین بۆیە غەدرمان لێ کرا
کەمێک پێش ئێستا (پێنجشەممە 25\8\2016)، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە نێو بارەگای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەکرەم شەریف، یەکێک لەو پێنج ئەندامەی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دەستیان لە فراکسیۆن و حزبەکەیان کێشایەوە، ڕای گەیاند: ”من لە هەڵبژاردنی 30\4\2014دا دەنگێکی زۆرم هێناوە و خاوەنی بڕوانامەی زانکۆییم، تا سەعات 10ی بەیانیی ئەمڕۆ کاندیدی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بووم، کەچی ئەو کەسەی کرایە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بڕوانامەی ئامادەیی هەیە“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”ئێمە بە حیسابکردنمان لەسەر باڵێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو زوڵمەمان لێ کراوە، بۆیە ئێستا ئێمە یەکێتی نین“.
ڕوونیشی کردەوە کە ئەوان ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە نایاسایی نازانین، بەڵام سەرلەبەری دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جگە لە بابەتی بەخشینی پارێزگاری سلێمانی، بە نایاسایی دەزانن.
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا ئەکرەم شەریف ڕای گەیاند: ”من کاندیدی یەکێتی بووم و شانازیشم پێوە کردووە، هەموو تەمەنی خۆم لەو پێناوەدا خەرج کردووە و لە یەک ڕۆژدا 5 شەهیدم بۆ یەکێتی داوە، بەڵام لە یەکێتی بپرسن، بۆ لە کەمتر لە سەعاتێکدا ئەو بڕیارەیان دا؟“.
لە وەڵامی پرسیارێکی دا ئەکرەم شەریف ئاشکرای کرد: ”ئێمە لە لایەن خۆمانەوە ڕای دەگەیەنین کە لەمڕۆوە فراکسیۆنێکی سەربەخۆین و محەمەد ڕەسول سەرۆکی فراکسیۆنەکەیە“.
باسنيوز
