ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ئیتاڵیا بۆ 250 کەس بەرزبووەوە

ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ئیتاڵیا بۆ 250 کەس بەرزبووەوە
رۆژێک بەسەر بوومەلەرزەکەی ئیتاڵیا تێپەڕدەبێت و تیمەکانی فریاکەوتن چرکەیەکیش لە گەڕان بەدوای خەڵکی ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان نەوەستاون، تاوەکو ئێستاش 250 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

دەیان تیمی فریاکەوتن و فریاگوزاری رژاونەتە نێو شاری ئاماتریچە لە باکووری رۆژهەڵاتی رۆما و بە بەکارهێنانی بڵدۆزەر و سەگی مەشقپێکراو، لە هەوڵی رزگارکردنی خەڵکدان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە زیاتر بەرز ببێتەوە.

کەمپێکی کاتی بۆ رزگاربووانی بوومەلەرزەکە هەر لە شاری ئاماتریچە کراوەتەوە. تیزیانۆ دی کارۆلیس لە تیمی فریاگوزاری خۆبەخش دەڵێ " 350 کەسی دەربەدەربوو لێرە نیشتەجێکراون، ئەوانی دیکە لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان ماونەتەوە، چونکە نایانەوێت کەلوپەلەکانیان جێبهێڵن. هەروەها لە نێو هۆڵێکی لەشجوانی 50 رزگاربوو جێگیرکراون".

بوومەلەرزەکەی رۆژی چوارشەممەی ئیتاڵیا بە گوڕی 6.2 پلەی رێختەر بوو و شارۆچکەی ئاماتریچەی هەژاند، گوڕی بوومەلەرزەکە ئەوەندە زۆر بوو کە لە دووری 80 کیلۆمەتر، لە رۆما هەستی پێکرا.

بوومەلەرزەکە هەروەها شارۆچکەی پیسکاراشی گرتووەتەوە ،و لەوێش زیانی گیانی و ماددی هەن.

بوومەلەرزەکەی ئەمجارە بە دووەمین بوومەلەرزە دادەنرێت، کە لە ماوەی 7 ساڵدا لە ئیتاڵیا روویدابێت. ساڵی 2009 بوومەلەرزەیەک شاری لاکیلای گرتەوە و بەهۆیەوە 300 کەس گیانیان لەدەستدا.




رووداو
Top