جیابوونەوەیەکی گەورە لە فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕووی دا
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25\8\2016، لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کێشە لە نێوان هەڤاڵ ئەبوبەکر و ئەکرەم شەریف ڕووی دا و دواتر ئەکرەم شەریف کە لەسەر پشکی یەکێتی لە پۆستی جێگری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا بوو و دواتر لە کار لادرا، دانیشتنەکەی بەجێ هێشت.
لەمبارەیەوە کەناڵی (کوردستان 24) بڵاوی کردەوە، بەهۆی ئاڵوگۆڕەکەی ئەمڕۆوە، هەریەک لە (محەمەد ڕەسول، ئەکرەم شەریف و سەباح شەهید فەتاح)، ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دەستیان لە فراکسیۆنی یەکێتی کێشاوەتەوە و بڕیاریان داوە فراکسیۆنێکی نوێ دروست بکەن.
لە لایەن خۆشیەوە مەهدی محەمەد، سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند کە هێشتا ڕوون نییە ئاخۆ ئەو ئەندامانەی فراکسیۆنی یەکێتی، فراکسیۆنەکەیان جێهێشتووە یان نا، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە نیگەرانی لە بەرامبەر دانانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەیە و گوتی: ”ئەکرەم شەریف خۆی دانابوو بکرێت بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، بەڵام دانەنرا، بۆیە زۆر نیگەرانە“.
لە دانیشتنەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر، لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لادرا و ئازاد محەمەد ئەمین لە پشکی یەکێتی کرایە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، هاوکات ئەکرەم شەریف لە پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا لادرا و ئەنوەر تاهیر لە فراکسیۆنی گۆڕان کرایە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا.
باسنیوز
