سەردانی بارزانی لەسەر بانگھێشتی سەرکۆماری تورکیایە

سەردانی بارزانی لەسەر بانگھێشتی سەرکۆماری تورکیایە
وا بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی تورکیا بکات، ئەندامێکی دەستەی ڕاوێژکارێکیشی رای دەگەیەنێ سەردانەکەی بارزانی بۆ تورکیا، لەسەر بانگھێشتی سەرکۆماری تورکیایە و چەند پرسێکی گرنگی تێدا تاوتوێ دەکرێت.



سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بۆ (باس) ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ بارزانی لە رێگەی فڕۆکەوە سەردانی تورکیا دەکات و وا بڕیارە لەگەڵ ھەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرکۆماری تورکیا و بن عەلی یەڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا کۆ بێتەوە.



سەرچاوەکە راشی گەیاند، ئەگەری ئەوە ھەیە بارزانی لە تورکیا بۆ پرسی تیرۆر چاوی بە جۆبایدن جێری سەرۆکی ئەمریکاش بکەوێ و دیداریان ھەبێت.



ئاشکراشی کرد، سەردانەکەی بارزانی جگە لەو تەوەرانەی پەیوەندیی بە تیرۆر و پەیوەندیی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، باس لە پرسی ئاشتی و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆی نێوان حکوومەتی تورکیا و پەکەکە دەکرێ.



کیفاح مەحموود، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند، سەردانەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەسەر بانگھێشتی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرکۆماری تورکیایە و لەو سەردانەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و کۆماری تورکیا دەکرێت، جگە لەوانەش باسی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ھەردوولا و ئەو بابەتانەش دەکرێن کە پەیوەندییان بە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و تیرۆر لە کوردستان و تورکیا ھەیە.



ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانەکەیدا، ئاماژەشی بە پشتیوانیکردنی بارزانی بۆ پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری کرد و گوتی: ”بارزانی ساڵانێکی زۆرە لەنێوان سەرکردەکانی تورکیا و بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کار بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکان دەکات، بۆ ئەوەی بژارەی ئاشتی و گفتوگۆ لە جێگەی شەڕ و توندوتیژی پەسەند بکرێت، بەڵام بەداخەوە بەم دواییە دووبارە ھەردوولا بۆ شەڕ و توندوتیژی گەڕاونەوە“.



ئەو راوێژکارەی بارزانی، جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی سەرەکی لە ناوچەکەدا دەگێڕێت و سەرجەم لایەنەکان بە متمانەیەکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.



لای خۆشیەوە، ئیسماعیل قارەمان سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رای گەیاندووە، مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سیگۆرتە (دۆسیەی دڵنیایی ئاشتی)ی ناوچەکەیە بۆ بەدیھاتنی ئارامی و ئاشتی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.



رەدوان ئەتابەی کە دوێنێ دووشەممە وەکو رۆژنامەنووسێک و ھاووڵاتییەکی کورد بەشداریی کۆبوونەوەیەکی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیای کردووە لەگەڵ چەند سەرۆک ھۆزێکی کورد، بۆ سوپاسکردنیان لەبارەی ھەڵوێستیان لەسەر کودەتاکەی تورکیا، ئەو رۆژنامەنووسە بۆ (باس) ئاشکرای کرد، لەو کۆبوونەوەیەدا ئیسماعیل قارەمان سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ھەڵوێستی زۆر ئەرێنیی بەرامبەر کورد و بەتایبەتی سەرۆک بارزانی ھەبووە.



ئەتەبای گوتی: “لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی، (سەرۆک بارزانی سیگۆرتەی ناوچەکەیە بۆ بەدیھاتنی ئارامی، بۆیە گرنگە پەیوەندیی نێوان تورکیا و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان برەوی باشتری پێ بدرێت)”.



ئەو رۆژنامەنووسە کوردەی تورکیا ئاشکراشی کرد، کە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا باسی لەوەش کردووە کە رەجەب تەییب ئەردۆگانی سەرکۆمار پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ بارزانی ھەیە و دەیانەوێ ئەو پەیوەندییە ببەنە ئاستێکی باشتر و زیاتر گرنگیی پێ بدەن، چونکە ھەردوولا لە ناوچەکە پێویستیان بە یەکترییە.



پێشتر ئومید فورات، نووسەری دیاری تورکیاش لە لێدوانێکی پێشتردا بۆ (باس) رای گەیاند: "حکوومەتی تورکیا دەزانێت بارزانی سەرۆکێکی جێی بڕوا و متمانەی کوردە، بەتایبەت بە لای کوردانی باکوور، بۆیە گرنگی بە پێشنیازەکانی بۆ پرسی چارەسەری دەدات”.



ھاوکات ئادەم گێڤەر، ئەندام پەرلەمانی ھەدەپەش، بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دابوو، "بڕوام بەوە ھەیە کە بارزانی بە نیەتێکی دڵسۆزانەوە نێوەندگیری لەنێوان پەکەکە و ئەنکەرا دەکات، چونکە کێشەی کورد لە باکوور کێشەی باشووریشە”.



لای خۆشیەوە ھاندە فورات، بەڕێوەبەری نووسینگەی کەناڵی سی ئێن ئێنی تورکی لە ئەنکەرا، لەبارەی سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنکەرا، ئاماژەی بەوە داوە، ئارامیی عێڕاق بۆ تورکیا گرنگە، بۆیە ھاتنی بارزانی پەیوەندیی بەو پرسەوە دەبێت.



ھاندە یەکێکە لە رۆژنامەنووسە ھەرە بەناوبانگانەی تورکیا کە زۆربەی زانیارییەکانی ناو کۆبوونەوە نھێنییەکانی تورکیا بۆ یەکەم جار لە زاری ئەوەوە بڵاو دەبنەوە، پەیوەندییەکی یەکجار پتەویش لەگەڵ ھەموو بەرپرسانی پارتە سیاسییەکانی تورکیا ھەیە.



ئەو رۆژەی تورکیا ھەوڵی کودەتای بەسەردا کرا، بۆ یەکەمین جار رەجەب تەییب ئەردۆگان لە رێگەی تەلەفۆنەکەی ھاندەوە و لە رێگەی بەرنامەی فەیس تایمەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و داوای لە خەڵک کرد بۆ بەرگرتن بە کودەتا بڕژێنە سەر شەقامەکان.



ھەندێک پێیانوایە کە ھاندەیش رۆڵێکی گرنگی ھەبووە بۆ رووبەرووبوونەوەی کودەتاکە، چونکە ئەگەر تەلەفۆنەکەی ئەو نەبوایە چۆن ئەردۆگان پەیامەکەی بڵاو دەکردەوە.



ھاندە لە رێگەی پێگە کۆمەڵایەتییەکانیەوە باسی لە گرنگیی ھاتنی بارزانی کردووە بۆ تورکیا و ئاماژەی بەوەش داوە: "بارزانی پێگەیەکی گرنگی لە عێراقدا ھەیە، بۆیە تورکیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پرس بە بارزانی دەکات و رەنگە کۆبوونەوەکە درێژە بکێشێت".



بەگوێرەی ئەو زانیارییانەشی کە ئەو رۆژنامەوانە لە بەرپرسانی ئەنکەرا وەری گرتووە، ھاتنی بارزانی زیاتر بۆ چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی گرووپی تیرۆرستیی داعشە، ھەروەھا باسکردنە لە چۆنیەتیی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ، کە بە لای تورکیاوە گرنگە داعش لە مووسڵ دەربکرێت.



ھاندە وەکو خۆی باسی لێوە کردووە، ھەموو ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسانی ئەنکەرا وەرگرتووە و نووسیویەتی: “نامەوێت ناوی ئەو بەرپرسە ئاشکرا بکەم کە زانیارییەکانی پێ داوم”.



دوا چیرۆکی ئەو رۆژنامەنوسە ئافرەتەش ئەوەیە کە سەرمایەدارێکی کوێت بڕی ٢٥٠ ھەزار دۆلاری ئەمەریکیی پێشکەش کردوە تا مۆبایلەکەی پێ بفرۆشێت کە شەوی کودەتاکە لەگەڵ ئەردۆگان قسەی پێ کردووە، بەڵام بەو سەرمایەدارەی گوتووە: “من رۆژنامەنووسم و ھەرگیز بۆ پارە پیشەی رۆژنامەنووسیم نافرۆشم”.



جێی باسی زیاتریشە، ھەر لە رێگەی ئەو رۆژنامەوانەوە بووە کە بۆ یەکەمین جار ھەواڵی دەست لە کارکێشانەوەی ئەحمەد داود ئۆغلو بڵاو کراوەتەوە و ھەروەھا رۆژی کۆبوونەوەی ئاک پارتی بۆ دەستنیشانکردنی جێگرەوەی ئەحمەد داودئۆغلویش ھەر لەلایەن ئەوانەوە ئاشکرا کراوە.
Top