بۆ ئەمساڵ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان پارەیان لێوەردەگیرێت
بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەگەڵ دەستپێکی خوێندنی ئەمساڵدا ھەر خوێندکارێک کە لە بەشە ناوخۆییەکان دەمێنێتەوە دەبێت بۆ ھەر ساڵێکی خوێندن بڕی ١٠٠ھەزار دینار بداتە وەزارەت.
وتەبێژی وەزارەتیش دەڵێت، بەھۆی قەیرانی داراییەوە حکومەت توانای نیە پێداویستی بەشە ناوخۆییەکان دابین بکات، بۆیە پەنای بردۆتە بەر وەرگرتنی پارە لە خوێندکاران.
بەپێی سیستمی کارگێڕی لە عێراقدا کەرتە خزمەتگوزاریەکان بێ بەرامبەرە و لە بەرامبەر خزمەتگوزاریەکانی ئەو کەرتانەدا نابێت ھیچ بڕە پارەیەک لە ھاوڵاتیان وەک باج وەربگیرێت.
جگە لە مانەوە لە بەشەناوخۆییەکان، هەر بەپێی بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا دایان ڕشتووە بۆ لەمەودوا خوێندکاران لەکاتی وەرگرتنیان لە زانکۆ و گواستنەوەیان لە زانکۆیەک بۆ زانکۆیەکی تر و ئەنجامدانی چالاکیە زانستیەکان و چەندین بواری تریش، دەبێت باج بدەنە وەزارەتی خوێندنی باڵا و ھیچ مامەڵەیەک بێ بەرامبەر ئەنجامنادرێت.
لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستانیش دژی بڕیارەکەیە و دەڵێت ئەو جۆرە بڕیارانە هێندەى تر ئەرکی خێزانی خوێندکاران قورستر دەکات.
بە سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە کە ١٦ زانکۆن ٣٥٦ بەشەناوخۆیی ھەیە کە زیاتر لە ٤٠ ھەزار خوێندکار تیایاندا دەمێننەوە.
بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ساڵانی ڕابردوودا خەرجی بەشە ناوخۆییەکان یەک ملیار دینار بووە، بەڵام ئێستا ئەگەر ھەر خوێندکارێک ١٠٠ ھەزار دیناری لێ وەربگیرێت ساڵانە حکومەت چوار ملیار دیناری دەست دەکەوێت.
