مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هەوڵی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک دەدەن

 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هەوڵی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک دەدەن
سەرچاوەیەکی سیاسیی باڵا لە کوردستان ئاماژە بە هەوڵێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ڕێگری کردن لە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆڕیی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا دەکات.

ماڵپەڕی (عەرەبییە جدید) لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی لە هەرێمی کوردستانەوە بڵاوی کردووەتەوە: “مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی، بە تایبەتیی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، دەیەوێت نەوتی کەرکووک لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جیهان هەناردە نەکرێت، قسەکانی وەزیری نەوتی عێراقیش لەبارەی نەوتی کەرکووکەوە ئاماژەیە بە ڕێککەوتنی یەکێتی و حکوومەتی عێراق”.

ماڵپەڕەکە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی بە کەسێکی دەستڕۆیشتوو وەسف کردووە و ڕای گەیاندووە: “ئەو کەسە دەستڕۆیشتووەی یەکێتی، داوای لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، فشار بخاتە سەر هەولێر، بۆ ڕاگرتنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگای بۆڕیی نەوتی کوردستانەوە. هەرچەندە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نایەوێت هیچ حزبێک خۆی لە کاروباری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان وەربدات، بەڵام یەکێتی ئەوە ڕەت دەکاتەوە و دەستێوەردان دەکات”

ئەو ماڵپەڕە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە یەکێتی پەیوەندیەکانی خۆی بۆ فشار دروست کردن بەکار دەهێنێت، بۆ ئەوەی نەوتی کەرکووک بە ئێراندا هەناردەی دەرەوە بکات.

لەمبارەیەوە عەلی عەلی هالۆ، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لێژنەی سامانە سرووشتییەکان، ڕایگەیاند: “هەوڵێکی زۆر دەدرێت لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ ڕاگرتنی نەوت، بەڵام ئەمەیان بۆ ناچێتە سەر، بەڵام ماوەی چەند مانگێک هەناردەکردنی نەوتیان لە کەرکووک ڕاگرتبوو، ئێستاش یەکلایەنە ئەوان ناتوانن بڕیار بدەن، چونکە لەبەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووکە هەناردەی نەوت بکرێت”. ڕوونیشی کردەوە: “تێ ناگەین بۆچی قسەکانی دوایی وەزیری نەوتی عێراق گۆڕاوە، لە کاتێکدا ئەوان لەسەر ئەو پرسە بوو بودجەی کوردستانیان بڕی".












باسنیوز
Top