سەرۆک بارزانی لە ئەنقەرە: گۆڕانكاری گەورە بەڕێوەیە

سەرۆک بارزانی لە ئەنقەرە: گۆڕانكاری گەورە بەڕێوەیە
سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا، لەبارەی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا، پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند گۆڕانكاری گەورە بەڕێوەیە.





سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای پەیامەکەیدا رایگەیاند "ئەو سەردانەمان بۆ تورکیا لەسەر خواستی جەنابی سەرۆککۆماری تورکیا بوو، دوێنێ سێشەممە کۆبوونەوەی گرنگمان ئەنجامدا لەگەڵ جەنابیان و سەرۆکوەزیرانی تورکیا و چەند بەرپرسێکی دیکەی تورکیا".



لەبارەی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكان بارزانی رایگەیاند "باسی پەیوەندی دووقۆڵیمان كرد لەبواری ئابووری، سیاسی و ئەمنی و، باسی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغداشمان كرد و هاوڕابووین بەردەوام بین لە گفتوگۆكردن و هەماهەنگی و قوڵكردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکدی لە هەموو رووەكانەوە".



سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی "ئێستا کاتێکی هەستیارە بۆ هەموو لایەکمان و بەپێویستم زانی باسی هەموو بوارەکان بکەین، هەروەها بەدەرفەتیشم زانی دووبارە پیرۆزبایی لە سەرۆککۆماری تورکیا و گەلی تورکیا بکەم بۆ ئەو سەرکەوتنەی توانییان لەبەرامبەر کودەتاکە بەدەستیبێنن، هەروەها سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە دەكەم بەهۆی کودەتاکە بوونە قوربانی".



تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی بارزانی و بەرپرسانی توركیا شەڕی موسڵ و رووبەڕووبوونەوەی داعش بووە، لەمڕووەوە بارزانی گوتی "شەڕی داعش یەکێک بوو لە تەوەرە هەرە هەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکان و رێککەوتین لەسەر ئەوەی چۆن هاوکاربین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە".



لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان و تورکیا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا زۆر گرنگە، بەڵام پێدەچێت کاتی زیاتری بووێت، ئێمە نائومێدنین و بەردەوامدەبین لە هەوڵەکانمان، بەڵام بەداخەوە لەماوەی رابردوودا شتی زۆر ناخۆش روویانداوە، هیوادارین رۆژێک بێت پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکاتەوە".



بارزانی گوتیشی "یەکێکی دیکە لە تەوەری کۆبوونەوەکانمان تایبەت بوو بەو قوتابخانانەی لە هەرێمی کوردستان هەن و سەر بە رەوتی گیولەنن، ئێمە رێکەوتین ئەو پرسە چارەسەر بکەین بێئەوەی زیان بە قوتابییەکان بگات، ئەوانە بەرنامەی سەردانەکەم بوون و ئەمڕۆش سەردانەکەمان کۆتایی دێت".


















رووداو
Top