یەکێتی بە دروستکردنی ئینشیقاق لەناو حزبی زەحمەتکێشان تۆمەتبار دەکرێت

یەکێتی بە دروستکردنی ئینشیقاق لەناو حزبی زەحمەتکێشان تۆمەتبار دەکرێت
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە دروستکردنی ئینشیقاق لەناو حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان تۆمەتبار دەکرێت و ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی ئەو حزبەش دەڵێت: "لەجیاتی کڕینی کادیری حزبەکان، یەکێتی بۆ ناچێت داواکاریی پێشمەرگە دێرینەکان جێبەجێ بکات".



هیوا سەید سەلیم، ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕاگەیاند: گرووپێک بەناوی ئاراستەی یەکگرتن لە زەحمەتکێشان جیابوونەتەوە و چوونەتە ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەوان ئەمڕۆ چوارشەممە 24\8\2016، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆچوونی خۆیان دەربڕی”. ئەوەشی ڕوون کردەوە: “ئێمە لەو هاوڕێیانەی خۆمان تێ دەگەین، خەڵکانی تێکۆشەری ناو ئەو حزبە بوون، ئەو قۆناغە حزبییەی دەستمان داوەتێ، برتییە لە خۆبەشی و کاری ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە سێ ساڵە تووشمان بووە و یەک دینارمان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە”.

ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕی (مەکتەبی سیاسی)ی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەوەشی دووپات کردەوە: “بۆ بەڕێوەبردنی کاری حزبیی خۆمان، شێوازێکمان داناوە، ئەویش شێوازی خۆبەشییە، بەداخەوە ئەو پارە و پۆستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کادیری حزبەکان بەکاری دەهێنێت، هیوامان دەخواست بەو پارە و پۆستە، وەڵامی داواکاریی پێشمەرگە دێرینەکان و شەهدان و کەمئەندامانی سەنگەر بدەنەوە کە ڕۆژانە دەرگایان لێ دەگرن".

هیوا سەید سەلیم ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دەدەن و هۆکاری جێهێشتنی ئەندامەکانیان ڕوون دەکەنەوە. گوتیشی: “بەداخەوە یەکێتی پۆست و پارە بۆ کادیر و ئەندامانی حزبەکانی دیکە دەبەخشێتەوە، بۆیە گلەیی لە یەکێتی دەکەین کە پۆست و پارە بۆ حزبەکانی دیکە هەڵدەڕێژێت". باسیشی لەوە کرد کە هەوڵ دەدەن پۆستەکان بە شێوەیەکی خێرا پڕ بکەنەوە و لە ڕێگای هەڵبژاردنی خۆجێیی پارێزگاکانەوە ئەو کارە بکەن.

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ژمارەیەک لە کادیرانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کە ئەندامی سەرکردایەتیشیان لەنێو دابوو، ئەوەیان ئاشکرا کرد کە لەداهاتوودا لە ڕیزەکانی یەکێتی، درێژە بە کاری سیاسییان دەدەن.








باسنیوز
Top