دەروازەیەکی نێودەوڵەتی لەنێوان باكوور و باشووری کوردستان دەکرێتەوە
عادل حوسێن، موختاری گوندی دەشتان کە دەروازەکە دەکەوێتە سنووری ئەو گوندەوە، راگەیاند، ئەمڕۆ بە فەرمی دەروازەی سەردێری لەلایەن قائیمقامی چەلێ دەکرێتەوە.
موختاری گوندی دەشتان راشیگەیاند، ئەو دەروازەیە لەدوای کەمتر لە 10 رۆژی دیکە ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا ئەنجامدەدرێت، ئەمەش بەهۆی ئامادەکارییەکان لەو دەروازەیە.
دەروازەی سەردێری لە باکووری کوردستان دەکەوێتە سنووری پارێزگای جۆلەمێرگ و لە باشووری کوردستانیش دەکەوێتە سنوری قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك.
مانگی تەمووزی ساڵی 2015 دەروازەی سەردێری کرایەوە، بەڵام ئەوکات تەنیا بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانیان سوودی لێوەردەگیرا و رۆژانەش 100 تا 150 هاونیشتمانی سوودیان لەو دەروازەیە وەردەگرت، بەڵام ئەمڕۆ ئەو دەروازەیە دەکرێتەوە، جگە لەوەی کە بە فەرمی دەکرێتەوە، گەشتیاران و بازرگانانیش دەتوانن سوودی لێببینن.
کردنەوەی ئەو دەروازەیە لەکاتێکدایە، سەرۆك بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرەیە و لە دیدارەکانیدا لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی تورکیادا باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتدا کردووە.
ووداو
