سەرۆك بارزانی سەردانی پەرلەمانی تورکیا دەکات
لە سەردانەکەیدا بۆ پەرلەمانی تورکیا، کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە 24ـی ئابی 2016 ئەنجامی بدات، وێڕای کۆبوونەوە لەگەڵ ئیسماعیل قارەمان، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و فراکسیۆنەکان، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەو شوێنانەی پەرلەمان دەکات، کە کودەتاچییەکان بۆردومانیان کرد.
کەناڵی(NTV)ی تورکی لە راپۆرتێکدا لەسەر سەردانەکەی بارزانی، ئاماژەی بەوە داوە، کە تاوەکو ئێستا ھیچ زانیارییەک نەدراوە بەوەی ئاخۆ جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کە ئەمڕۆ دەگاتە ئەنکەرا چاوی بە بارزانی دەکەوێت یان نا، بەڵام چەند سەرچاوەیەک پێیانوایە کە ئەوان چاویان بە یەکتری دەکەوێت و کۆبوونەوەش ئەنجام دەدەن، بەڵام نایانەوێت میدیاکان بیزانن.
رۆژی سێشەممە 23ـی ئاب، مەسعود بارزانی بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر داوەتی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، گەیشتە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەجیا لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی تورکیا کۆ بووەوە.
ئێوارەی رۆژی 15ـی تەمموزی 2016، ژمارەیەک ژەنەڕالی سوپای تورکیا هەوڵیان دا کودەتایەکی سەربازیی بەسەر حکوومەتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و رەجەب تەییب ئەردۆغاندا بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و هێزە ئەمنییەکان توانییان شکست بە هەوڵەکە بهێنن.
چەند سەعاتێک دوای کودەتاکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیریی خۆی بۆ حکوومەتی هەڵبژێردراوی تورکیا دەربڕی.
باسنیوز
