یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی لە فوئاد مەعسووم نیگەرانن

 یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی لە فوئاد مەعسووم نیگەرانن
یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی لە فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق نیگەرانن و کۆمەڵ دەڵێت "گلەییمان لێ نەکەن ئەگەر لە داهاتوودا هەڵوێستی جیاوازمان هەبێت".

لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 22-8-2016 سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان كۆبووەوە، بەڵام هەریەک لە کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی بانگهێشتی کۆبوونەوەکە نەکرابوون.

موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند "ئێمە لەو هەڵویستەی سەرۆککۆمار نیگەرانین، بە کارێکی نەخوازراوی دەزانین، کە شایستەی سەرۆککۆمار نییە، دەبێت سەرۆککۆمار جیاوازی نەکات، بەیەک ئەندازە و ئاست سەیری هەموو لایەنەکان بکات".

ئەحمەدی حاجی رەشید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق گوتی"گلەیی زۆرمان لەو هەڵویستەی سەرۆککۆمار هەیە، دیارە ئێمە بە نوێنەری کورد نازانێت، تەنیا پارتی، یەکێتی و گۆڕان بە نوێنەری کورد دەزانێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە گرنگی کۆبوونەوەکەی کەمکردەوە و گوتیشی "دیارە کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە کۆبوونەوەی هێزە گەورە بەرژەوەندیخوازەکان، نەک نوێنەرانی خەڵک".

ئەحمەدی حاجی رەشید دەشڵێت "حەق نییە جارێکی دیکە بۆ جوانکردنی وێنەی کۆبوونەوەکانی، بانگهێشتی هێزە ئیسلامیەکان بکات".

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ راشیگەیاند "ئەگەر لە ئایندەدا هەر هەڵویستێکی جیامان هەبێت، ئەوا نابێت حیزبەکەی سەرۆککۆمار گلەییمان لێبکات".



رووداو-
Top