بارزانی نوێنەری لایەنەکانی هەرێمی لەگەڵ خۆیدا نەبردووە بۆ تورکیا
لە دوو هەفتەی رابردوودا جموجوڵە دیپلۆماسییەکان لە تورکیا پەرەیان سەندووە، لەو ماوەیەدا ئەردۆغان سەردانی روسیای کرد، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ئەنکەرەی کرد، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی تارانی کرد، بڕیارە رۆژی چوارشەمەش جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەردانی ئەنکەرە بکات.
بە بۆچوونی چاودێران زۆربەی ئەم سەردانانە پەیوەندیان بە دۆخی سوریاوە هەیە و پرسی کوردیش بە تایبەت پرسی رۆژئاوای کوردستان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانە، وەک چاودێران دەڵێن بەرهەمی ئەو جوڵە دیپلۆماسیانەی ئەم دوایانە نزیکبوونەوەی بۆچوونەکانی روسیا، ئێران و تورکیا و سوریایە لەسەر داهاتووی سوریا و پرسی کورد، بەجۆرێک کە لێکنزیکبوونەوەی ئەم وڵاتانە بووەتە مایەی نیگەرانی بۆ کورد، بەڵام لەناو ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییەدا سەردانی بارزانی بۆ تورکیا و دواتر سەردانەکەى بۆ تاران چەندین پرسیاری لای بەشێک لە چاودێران وروژاندوە.
لە سەردانەکانى پێشتری بارزانیدا بۆ دەرەوەى وڵات بەرپرسانى سەر بە یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش یاوەرییان دەکرد، بەڵام ئەمجارەیان لە وەفدەکەیدا کەسی لایەنەکانی دیکەی لەگەڵ خۆیدا نەبردووە، ئەمەش ئەو گومانەی لای بەشێک لە چاودێران دروست کردووە کە جگە لە پارتی هیچ لایەنێکی دیکە ئاگاداری سەردانەکەی بارزانی بۆ تورکیا نییە و زیاتر سەردانێکی حزبییە هەرچەندە بە وتەی میدیاکانی پارتی بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم سەردانی تورکیای کردووە.
سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەش ماڵپەری سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردووەتەوە ئامانجی سەردانەکەی بارزانی تاوتوێکردنی پەیوەندییە سیاسیی و ئابورییەکان و دوا گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکەیە، میدیاکانی پارتیش لە زاری بەرپرسانی ئەو حزبەوە بڵاویان کردووەتەوە کە بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا و هەروەها لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەیدا بۆ تاران باسی دەوڵەتی کوردی دەکات و هەوڵ دەدات نیگەرانییەکانی ئەو وڵاتانە سەبارەت بە دەوڵەتی کوردی بڕەوێنێتەوە بەوەی کە دەوڵەتی کوردی مەترسی بۆسەر ئەوان نییە.
بەڵام لە بەرامبەردا بەشێک لە چاودێران پێیانوایە ئێران و تورکیا بە درێژایی مێژوو بۆچوونیان سەبارەت بە دەوڵەتی کوردی نەگۆڕاوە و لەم دوایانەشدا لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە هیچ گومانێکی نەهێشتووەتەوە لەوەی دژی دامەزراندنى دەوڵەتن لە هەر بەشێکی کوردستاندا، هەر بۆیە هیچ ئەگەرێک لە ئارادانییە بە سەردانێکی بارزانی بۆ ئەنقەرە یان تاران بۆچوونی ئەو وڵاتانە سەبارەت بە دەوڵەتی کوردی بگۆردرێت.
هەر بە وتەی میدیاکانی پارتی یەکێکیتر لە ئامانجەکانی سەردانەکەی بارزانی بۆ تورکیا زیندووکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتییە لە تورکیا وئاماژەشیان بە راگەیەنراوەکەی چەند رۆژ لەمەوبەری پەکەکەش کردووە کە تیایدا پەکەکە ئامادەیی خۆی نیشاندابوو ئەگەر بێت و حکومەتی تورکیا هەنگاو بنێت ئەوا پەکەکە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی.
سەبارەت بەم پرسەش بەشێک لە چاودێران بۆچوونی جیاوازیان هەیە و پێیانوایە لەم قۆناغەدا لە کاتێکدا حکومەتی تورکیا هەوڵێکی بەربڵاوی لە دژی رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە ئەگەری ئەوە زۆر لاوازە تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی سیاسەتی بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان بگۆڕێت بەو پێیەی پێناچێت پەکەکە هەرگیز ئامادەبێت دانووستانەکان لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەست پێ بکاتەوە لەکاتێکدا ئەو وڵاتە هەڕەشە لە ئەزمونی رۆژئاوای کوردستان بکات.
