عەبادی : بارزانی پێم وتووم کورد هیچ چاوچنۆکییەکی لە نەینەوادا نییە
لە کۆنفڕانسێکی هەواڵیدا لە بەغدا ئەمڕۆ ٢٣ی ئابی ٢٠١٦ عەبادی وتی "جاریکی تر داوای چوونە دەرەوەی سوپای تورکیا دەکەین لە خاکی عێراق کە بێ مۆڵەتی ئێمە هاتووەتە ناوەوە، بارزانی پێی ڕاگەیاندوم کە کورد هیچ چاوچنۆکییەکی نییە لە پارێزگای نەینەوادا".
لە بەشێکی تری وتەکانیدا عەبادی ئاماژەی بەوەکرد، هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی جەزیرەی خالیدیەی سەر بە پارێزگای ئەنبار، ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارە بیانییەکانی ناو ڕێزەکانی داعشیان کوشتووە و ئەوەش کاریگەری کردووەتە سەر توانی شەڕ و رووبەڕووبونەوەی ئەو ڕێکخراوە لەبەرەکانی شەڕ.
عەبادی ئاشکرایکرد ، هێزە ئەمنییەکان لە جەزیرەی خالیدیە دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنیدا گرتووە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ناوچەکەی بنکەیەکی سەرەکی ئەو ڕێکخراوە بووە لە پارێزگای ئەنبار.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا عەبادی پشتیوانی خۆی بۆ پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی دەربڕی، کە ماوەیەک لەمەوبەر لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا و، داواشی لە پەرلەمانکرد پرۆژە یاساکە پەسەند بکات.
ئەمڕۆ ٢٣ی ئابی ٢٠١٦ پەرلەمانی عێراق دەنگدانی لەسەر پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی دواخست، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە گوایە داوایەکی پەرلەمانی ئاراستەی پەرلەمانکراوە.
ڕۆژی ١٩ئابی ٢٠١٦ فەرماندەی ئۆپراسیۆنی ئەنبار ڕایگەیاند، جەزیرەی خالیدیەی سەربە پارێزگای ئەنبار بە تەواوی کۆنترۆڵکراوەتەوە.
