کەمال کەرکووکی: ھیچ وڵاتێک بەئاشکرا دژی سەربەخۆیی کوردستان نییە

کەمال کەرکووکی: ھیچ وڵاتێک بەئاشکرا دژی سەربەخۆیی کوردستان نییە
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی رەتیدەکاتەوە 28 وڵات دژی سەربەخۆیی باشووری کوردستان بن و بەڵگەنامەیان رادەستی پارتی و یەکێتی کردبێت، وەک مەلا بەختیار رایگەیاندبوو.

مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاندووە، 28 وڵاتی رۆژئاوا بەڵگەنامەیەکیان رادەستی پارتی و یەکێتی کردووە، کە دژی سەربەخۆیی باشووری کوردستانن و لەگەڵ یەکپارچەی عێراقدان.

د. کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "وەکو پارتی ئەو زانیاریانە رەتدەکەینەوە و هیچ بنەمایەکی نییە، بەپێچەوانەوە هیچ وڵاتێكی رۆژئاوا و وڵاتانی دیکەی زۆر شوێنی جیهان بە ئاشکرا دژی سەربەخۆی باشوری کوردستان نین، زۆر وڵاتیش هەڵوێستی بەرامبەر ئەو مافە رەوایەی گەلەکەمان پۆزەتیفە و لەکاتی خۆیدا ئاشکرا دەبێت".

د. کەمال کەرکووکی، کە هاوکات بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتییە، ئاماژەی بەوەش کرد، لە یاسای نێودەوڵەتی و بڕگەی دوو لە مادەی یەکی مەبادیئی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژە بە مافی رەوای هەر گەلێك کراوە، کە مافییەتی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان بەو بنەمایانەدا ناوە و پابەندی یاسایی نێودەوڵەتیین.

کەرکووکی گوتیشی "هەر لە مەبادئی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە هەر گەلێك سەربەخۆیی خۆی رابگەیێنێت وڵاتەکەی پێشوو، کە لێی جودا دەبێتەوە، یان هەر وڵاتێکی دیکە هێرشی بکاتە سەر، بە دەستدرێژی دادەنرێت، بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکێتی رێگا بەو دەستدرێژییە نەدات و هاوکاری و پشتیوانی وڵاتی تازە دروستبوو بکات، کە گەلەکەی بڕیاری سەربەخۆیی بۆ داوە تاوەکو لەسەر پێی خۆی بووەستێت" .

ئەو بەرپرسەی پارتی پێیوایە "خراپی باری ئابووری و پاشکەوتن لە بواری زانستی نابنە هۆی ئەوەی هیچ گەلێك ماف بڕیاردانی نەبێت بۆ ئەوەی بەسەربەخۆیی بژیت. چونکە مافی بڕیاردانی گەلان لە چارەنووسییان دەبێتە بنەمای سەقامگیریی و بەرپابوونی ئاشتی".



رووداو
Top