كۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و ئەردۆغان لە ئەنقەرە بەردەوامە
رۆژی سێشەممە 23-8-2016 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی سەردانێكی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی سەرۆككۆماری توركیا، بە یاوەری شاندێك لە هەولێرەوە گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا و لەلایەن فەرەیدوون سنرلیئۆغڵو پێشوازی لێكرا.
دوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ئەردۆغان، بڕیارە کاژێر 20:00 لەگەڵ بیناڵی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
بەپێی راگەیێندراوێكی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ئامانجی سەردانەكە تاوتوێكردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی هەردوولا و دوا گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە دەبێت.
لەو سەردانەدا د. فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان یاوەری بارزانین.
لە مایسی 2001دا سەردانی ئەنقەرەی کرد، بەڵام لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوەی ئەنجام نەدا.
لە 2010 سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەسەر ئاستی باڵا پێشوازی لێکرا.
لە نیسانی 2012دا سەردانی ئەنقەرەی کرد و داوای لە تورکیا و پەکەکە کرد کۆتایی بە شەڕی نێوانیان بهێنن.
لە 2013دا سەردانی ئامەدی کرد و لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەوە.
لە کانوونی یەکەمی 2015دا سەردانی ئەنقەرەی کرد و سەرۆکوەزیرانی تورکیا بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازی لێکرد.
رووداو
