کۆنمرەى خوێندن لە بەشە پزیشکى و ئەندازیارییەکان دەستنیشان کران
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند" ساڵانە ژمارەیەکى زۆرى خوێندکار بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى خوێندنى بەرایى (بەکالۆریۆس) لە بوارى پزیشکى و ئەندازیارى روو لە زانکۆکانى دەرەوەى وڵات دەکەن، بۆیە وەزارەتەکەمان لە چوارچێوەى ئەرکەکانى خۆیدا و بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى خوێندنى ئەو خوێندکارانە، بەئیمزاى د.یوسف گۆران، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پاڵپشت بەکۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەت مەرجەکانى خوێندنى بەرایى (بەکالۆریۆس) لە بوارى پزیشکى و ئەندازیارى لە زانکۆکانى دەرەوەى وڵات دەرکرد".
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە مەرجەکانى خوێندن کرد و گوتی "بۆ خوێندنى بەشى پزیشکى گشتى پێویستە کۆنمرەى خوێندکار لە 85%کەمتر نەبێت، هەروەک بۆ خوێندنى بەشى پزیشکى ددان و دەرمانسازى پێویستە کۆنمرەى خوێندکار لە 80% کەمتر نەبێت، لەهەمان کاتدا بۆ خوێندنى بەشەکانى ئەندازیارى کۆنمرەى خوێندکار نابێت لە 75% کەمتر نەبێت".
سەبارەت بەو خوێندکارانەی روو لە دەرەوەی وڵات دەکەن عەباس ئەکرەم ئاماژەی بەوەشدا "ئەو خوێندکارانەى روو لە دەرەوەى وڵات دەکەن دەبێت دەرچووى 12-ى ئامادەیى لقى زانستى بن و، بەهیچ جۆرێک دەرچوانى 12 ئامادەیى لقى ئەدەبى ناگرێتەوە".
گوتیشی "لەهەمان کاتدا خوێندکار بەر لەوەى بچێتە دەرەوە، دەبێت فایل لە وەزارەتەکەمان بکاتەوە، هەروەک فرمانەکەش لە 30-3-2016 چووەتەبوارى جێبەجێکردنەوە".
ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەئامانجى بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن و تواناى ئەو خوێندکارانەى لە دەرەوەى وڵات دەخوێنن.
