وەزیری پەروەردە: قوتابخانەكانی عیشق لەڕووی كارگێڕییەوە گۆڕانكارییان بەسەردا دێت

 وەزیری پەروەردە: قوتابخانەكانی عیشق لەڕووی كارگێڕییەوە گۆڕانكارییان بەسەردا دێت
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، سەدرانی هۆڵی تاقیكردنەوەكانی كرد، دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا باسی لە گۆڕانکاریی قوتابخاەنکانی عیشق کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، 23/8/2016، د. پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا، ڕایگەیاند: "لە خولی یەكەم 260,000 قوتابی بەشداریی تاقیكردنەوەكانی بەكالۆریان كردبوو، ڕێژەی دەرچوون 25% بوو، پاش تاقیكردنەوەكانی خولی دووەم، لەوانەیە ڕێژەكە بگاتە سەرووی 50%، چونكە قوتابی هەیە خۆی دەهڵێتەوە، تا نمرەی باش بهێنێت، ئەم ڕێژەیەش زۆر ئاساییە، بۆیە ڕێژەی بەشداری تاقیكردنەوەكان سەدا سەد، بەدیار ناكەوێت، تا دوای تاقیكردنەوەكان".

وەزیری پەروەردە، ئەوەش ڕوون دەكاتەوە: " ساڵانە 17 ملیۆن كتێب بە 1100 ناونیشانی جیا چاپ دەكەین، ئەمساڵیش مامۆستایان و قوتابیان دڵنیا دەكەینەوە كە وەك ساڵی ڕابردوو پەرتووكی خۆیان وەردەگرن".

لەبارەی قوتابخانەكانی عیشقەوە، د. پشتیوان سادق، گوتیشی: " هەموو قوتابیانی قوتابخانەکانی عیشق دڵنیا دەكەینەوە كە ئەوان بەردەوام دەبن لە قوتابخانە و خوێندنی خۆیان، ڕاستە لە ڕووی كارگێڕی و خاوەنداریەتییەوە گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام بە هیچ جۆرێك كار لەسەر نمرە، خوێندن و پرۆگرامەكان ناكات، قوتابیان لە شوێنی خۆیان دادەنیشن و خوێندنی خۆیان دەكەن و لە پرۆسەی خوێندنیان بەردەوام دەبن".









باسنيوز
Top