ژمارەیەک مامۆستای سلێمانی هەڕەشەی داخستنی قوتابخانەکان دەکەن

 ژمارەیەک مامۆستای سلێمانی هەڕەشەی داخستنی قوتابخانەکان دەکەن
ژمارەیەک مامۆستای سلێمانی دژی سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچە هەڕەشەی داخستنی دەرگای قوتابخانەکان دەکەن.

رۆژی سێشەممە 23ـی ئاب 2016 دەستەی مامۆستایانی ناڕازی بەھاوکاری تۆڕی ناڕازییەکانی کوردستانی باشوور دژی دواکەوتنی مووچەی مامۆستایان و پاشکەوتکردنی مووچە، گردبوونەوەیەکی ناڕازییان لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رۆژئاوا ئەنجام دا.

مامۆستا ناڕازییەکان و تؤڕی ناڕازییەکان بەیاننامەیەکیان دەرکرد، تێیدا ھۆشدارییان داوەتە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە ئەگەر ئاوڕ لە ژیان و گوزەرانی مامۆستایان نەدرێتەوە، ئەوا ”دەرگای قوتابخانەکان دادەخەین و ناچینەوە هۆڵەکانی خوێندن“.

سنور کەریم, ئەندامی مامۆستایانی ناڕازی لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئەگەر کێشەکەمان بەزوویی بۆ چارەسەر نەکرێت، ”بێگومان ئێمە بۆ ئەمساڵی نوێی خوێندن دەرگای قوتابخانەکان دادەخەین“.

بەهۆی قەیرانی داراییەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچە پەیڕەو دەکات، کە بەهۆیەوە بەشێک لە مووچەی مامۆستا و فەرمانبەران، نادرێت و حکوومەت لای خۆی بۆیان پاشەکەوت دەکات.








باسنیوز
Top