"یەكێتی و گۆڕان ناتوانن پۆستی پارێزگای سلێمانی یەکلایی بکەنەوە"

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕایدەگەیەنێ‌: "یەكێتی و گۆران ناتوانن ڕۆژی پێنجشەممە پرسی دەستاودەستكردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا یەكلایی بكەنەوە"

مینا ئاوەكەلەیی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "تا ئێستا هیچ دەنگۆیەك نییە بۆ دواخستنی كۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئەو ڕۆژەش پرسی دەستاودەستكردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا یەكلایی نەكەنەوە، چونكە پێششتر بە حەوت مانگ ئەم ڕێکكەوتنە سیاسییە ئەنجام دراوە و بۆ جێبەجێ‌كردنیشی پێویستی بە كاتە."

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی: "ئەو دوو لایەنە 23 ئەندامی ئەنجومەنیان هەیە، ئەگەر بیانەوێت پۆستەكان ئاڵوگۆڕ بكەن لەناو ئەنجومەن دە دەقەی دەوێت بۆ ئاڵوگۆڕكردنەكەیان، بەڵام ئەوە گرنگ نییە، بەڵكو ئەوە گرنگە ئایا دەتوانن ڕێكکەوتنەكەیان بە هەموو خاڵەكانییەوە جێبەجێی بكەن، یان بارودۆخ لەبارە بۆ جێبەجێكردنی و ئاڵوگۆڕكردنی پۆستەكان.؟"

گوتیشی: "ڕێكکەوتنی سیاسیی نێوان یەكێتی و گۆڕان هیچ سقلێكی یاسایی نییە تا بیهێنن و جێبەجێی‌ بكەن، لەگەڵ ئەوەش نە قائیدەی جەماوەری یەكێتی ڕازییە بەو سەركردایەتییە كە لە گۆڕان هەیە و نە قائیدەی جەماوەری گۆڕانیش ڕازییە بەو سەركردایەتییەی كە لە یەكێتی هەیە".










باسنیوز
Top