عەلی عەونی: سەرۆك بارزانی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردستان سەردانی دەرەوە دەکات

عەلی عەونی: سەرۆك بارزانی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردستان سەردانی دەرەوە دەکات
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان باس لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا دەکات و ئەوە دەخاتەڕوو کە ئامانج لە سەردانەکەی دیاری کردنی چارەنووسی کوردستانە.



عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان لەبارەی سەردانی سەرۆك بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “گەمەکان ڕوون دەبنەوە و بەرەکان دیارتر دەبن، بەرەی ئێران و ڕووسیا و تورکیا و بەرەی عێراق، بەرەی زۆنی سەوز و نیلیش ڕوون دەبێتەوە، لەم لاشەوە بەرەی ئەورووپا و سوننەکان بە دیار دەکەوێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو دوو ئاراستە دابەش دەبێت، دەبێت بەرنامەمان ئامادەبێت و تێیان بگەیەنین کە بوونی دەوڵەتێک بە ناوی کوردستان هیچ زیانێک بە کەس ناگەیەنێت و ئارامیی ناوچەکە زیاتر دەپارێزێت، نەبوونی دەوڵەتی کوردستان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکەدا کە ئەمە پەیامێکی گرنگی بارزانی دەبێت”.



ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی لە لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە: “کورد داوای مافی خۆی دەکات و وڵاتە زلهێزەکان لەسەر دابەشکردنی کوردستان ناکۆکی کەوتووەتە نێوانیان، یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی سەردانەکە ئەوەیە کە جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا خۆی دێتە تورکیا، ئەو یەکێکە لەوانەی بە شێوەیەکی زۆر ڕاشکاوانە باسی دابەشکردنی عێراقی کردووە، باسی گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات". گوتیشی: "جگە لەوانە، بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ بەرنامەمان هەیە و بۆ جەمسەربەندییەکان ئێمە ناچینە نێو هیچ هاوپەیمانییەک، ئەگەر چارەنووسی خۆمان نەزانین، بارزانی وەک هەڵگری دۆزی کورد لە هەموو گفتوگۆیەکدا قەسە و پێشنیاری خۆی هەبووە".



ئاماژە بەوەش دەکات، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان سنووری لەگەڵ ناوچەی عەرەبە سوننەکان هەیە، بۆیە گفتوگۆکان لەسەر ئازادکردنەوەی مووسڵ بەردەوامی هەیە، ئێستاش ئوسامە نوجێفی، سەرکردەی سوننە بانگێشتی تورکیا کراوە، گروپی نوجێفی و سوننەکان پەیوەندیی مێژووییان لەگەڵ تورکیا هەیە، بۆیە لەسەر پرسی موسڵ گفتوگۆ دەکەن. دووپاتیشی کردەوە: “مووسڵ دەبێت بۆ سێ پارێزگا دابەش بکرێت، دەشتی نەینەوا، شەنگال و سەنتەری شارەکە بکرێنە سێ پارێزگای جیاواز”.











باسنیوز
Top