نەوشیروان داوای کردووە سەردانێکی تورکیای بۆ رێک بخەن
سەرچاوە راشی گەیاند، گۆڕان مەبەستی سەردانەکەی بۆ ناوەندە دیپلۆماسیە تورکییەکە روون کردووەتەوە کە دەیەوێ پەیوەندییەکانی حزبەکەی لەگەڵ تورکیادا ئاسایی بکاتەوە، بە شێوەیەک دڵنیایی دەداتە تورکیا کە سیاسەتکردنی حزبەکەی لە ھەرێمی کوردستان، لەمەودوا بەھیچ شێوەیەک نابێتە ھۆی ئەوەی زیان بەو وڵاتە بگەیەنێ.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد، ئێستا سەرکردە باڵاکانی گۆڕان بە نەوشیروان مستەفاوە بڕوایان بە نزیکی لە ئێران نەماوە و پێیان باشە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکەنەوە.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، کە سەرکردەکانی گۆڕان لە ناوخۆیاندا باسیان لەوە کردووە کە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، کە لە خەتی ئێران بووە، دواتر کە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ تورکیا ئاسایی بووەتەوە، یەکەم ھەنگاوی ئێران پشتکردن بووە لە پەکەکە، لەبەرئەوە نەوشیروان مستەفا بە سەرکرە باڵاکانی حزبەکەی گوتووە، باشتر وایە لەم قۆناغە پەلە بکەن لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا.
پێوەند بەو پرسە کاردۆ محەمەد، پەرلەمانتار و ھەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان، رای گەیاند، گۆڕان دەیەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەر لایەنێک بە دامەزراوەیی و لە ئاستی دامەزراوەکانیدا بێت، واتا پەیوەندییەکی فەرمی ئەرکی دامەزراوەیەکی فەرمییە، لەو چوارچێوەیەش زیاتر کارکردنی گۆڕان بۆ مەسەلە گشتییەکان لەسەر ئەو بنەمایە دەبێ، ئەوەشی کە پەیوەندیی بە تورکیایە ئەوە گۆڕان ھیچ پەیوەندییەکی نائاسایی لەگەڵ تورکیا نەبووە، بەڵام لە پرسی قەزیەی کورد لە تورکیا پرسێکی مەبدەئیی ھەیە، کە ئەوەش پەیوەندیی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا نییە.
لەبارەی ئەوەشی کە سەردانی نەوشیروان مستەفا لەو قۆناغە بۆ تورکیا بە ئاسایی دەبینن، ئەو ھەڵسوڕاوەی گۆڕان ھێمای بۆ ئەوە کرد، تا ئێستا سەردانەکە نەبووە تاوەکو قسەی لەبارەوە بکەن، گوتی: ”پێموایە دەبێ کورد پەیوەندییەکانی لەسەر حسابی قەزیەکەی نەبێت، راستە پێویستە پەیوەندییەکی باشی ھەبێ، بەڵام باشتر وایە نەکەوێتە خەتی وڵاتە ئیقلیمییەکانەوە بەڵکو ھاوسەنگییەک بدۆزێتەوە بۆ بەرژەوەندیی میللەتەکەی، ئەوە بە ئاسایی دەبینم ئەگەر روو بدات“.
لای خۆشیەوە، جەمال عەبدوڵا نووسەر و چاودێری سیاسی، رای گەیاند، کێشەی نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕان لەوەدایە کە سەوابتی نییە، ئەوەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە ھیچ خەت و وڵاتێک متمانەی پێ نەکەن.
جەمال عەبدوڵا، گوتیشی: ”ئەو خەت گۆڕینە بۆ گۆڕان ئاساییە، چونکە ئەوە لە ناوخۆدا رەنگی داوەتەوە/ بزانە پێشتر چی بە یەکێتی و بەڕێز مام جەلال دەگوت، ئێستاش چۆنە لەگەڵیان و چی دەڵێت، ئەوە بۆ خەتگۆڕینەکەی بۆ تورکیاش ھەر وا دەبێ“.
ھێمای بۆ ئەوەش کرد، ئەگەر سەیری سیاسەتەکانی بارزانی بکەین دەبینین راست پێچەوانەیە، بارزانی خاوەنی سەوابتە لە کوردستان چی بڵێت لە ئێران و تورکیا و ئەمریکاش ئەوە دەڵێت، ئەوە وای کردووە ئەو وڵاتانە متمانەی پێ بکەن و بزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەدەن.
بەڵام بورھان رەئوف چاودێری سیاسی رای گەیاند، بابەتەکە بەو شێوەیە نەبووە کە گۆڕان لە خەتی پەکەکە بووبێت، رەنگە سۆزێک ھەبووبێت لە نێوانیاندا، بەڵام ناتوانرێ بگوترێ گۆڕان بەتەواوی لە خەتی پەکەکە بووە، گوتی: ”ئاساییە پارتێکی سیاسیی وەکو گۆڕان یان نەوشیروان مستەفا رێکخەری ئەو بزووتنەوەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا باش بکات بەمەرجێک ئەوە بۆ قازانجی خەڵکی کوردستان بێت، بە شێوەیەک ھەموو پارتەکان پێویستیان بە باشکردنی پەیوەندییەکانیانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ“.
گوتیشی: ”ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکە روو دەدەن چۆن کاریگەریان لەسەر دەوڵەتەکان ھەیە کە دەبینین وڵاتێکی ناتۆی وەکو تورکیا بەرەو روسیا و ئێران دەڕوات، بە ھەمان شێوەش ئەو کاریگەرییە لەسەر حزبەکان دەردەکەوێ، بەشێوەیەک کە ریزبەندیی تازە کە ھاتووەتە ئاراوە بەوشێوەیەش ھاوکێشەی تازەش دروست دەبێ“.
باسنیوز
