سوپای عێراق لە گەیارە هێرشی بۆ سەر داعش دەستپێکردەوە
فەرماندەیەکی سوپای عێراق بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، لە کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ٢٣ی ئابی ٢٠١٦، سوپای عێراق بە چڕی بۆردومانی پێگەکانی داعش دەکات لە شارۆچکەی گەیارە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی.
ئەوەشی وت، بۆردومانەکەی سوپای عێراق بۆ سەر داعش لە گەیارە لە دوو قۆڵەوەیە و تا ئێستاش بەردەوامە.
هاوکات بە وتەی فەرماندەکەی سوپای عێراق لە ئێستادا بەشێکی گەیارە ماوە کۆنترۆڵبکرێتەوە و سوپاش دەیەوێت بە زووترین کات کۆنترۆڵی بکاتەوە چونکە پێویستی بە بنکەی ئاسمانی گەیارە دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوەندی موسڵ.
ئەم هێرشەی سوپای عێراق لەکاتێکدایە، دوێنێ ٢٢ی ئاب، داعش بارەگاکانی سوپای عێراقی لە گەیارە بۆردومان کرد و لە بۆردومانەکەشدا غازی کلۆرى بەکارهێنا کە بووە هۆی تەنگەنەفەسی چەند سەربازێکی سوپا.
ئەوە لەکاتێکدایە وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەرەتاى ئەم هەفتەیەدا داواى لە دانیشتوانی ناحیەی گەیارە کرد بەپەلە ناحیەکە چۆڵبکەن و بگوێزنەوە بۆ گوندی تبنە و کۆمەڵگەی نیشتجێکردنی نزیک بنکە ئاسمانییەکەی ناحیەکە.
ناحیەی گەیارە یەکێکە لە ناوچە ستراتیژییەکان، کە دەکەوێتە نێوان شاری تکریت لە باکورە و موسڵ لە باشوورەوە، بنکەیەکی ئاسمانی گرنگ لە خۆدەگرێت، سوپای عێراق سورە لەسەر بەکارهێنانی لە ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ.
ان آر تی
