غەسان شەربل: ئێران شێواندنی هەرێمی كوردستان بەچارەسەر دەزانێ

غەسان شەربل: ئێران شێواندنی هەرێمی كوردستان بەچارەسەر دەزانێ
غەسان شەربل نووسەری ناوداری عەرەب و سەرنووسەری رۆژنامەی (ئەلحەیات)ی نێودەوڵەتی، لە وتارێكیدا كە ئەمڕۆ لە رۆژنامەی (ئەلحەیات) بڵاوی كردووەتەوە، بەرگری لە مافی نەتەوەیی كوردان دەكات و دەڵێ ناشێ تاهەتایە چوار دەوڵەتەكەی ناوچەكە دژی كورد بوەستنەوە و سەركوتیان بكەن.


لە سەرەتای وتارەكەیدا دەنووسێ لە نێوان ئەنقەرە و تاران و بەغدا و دیمەشق بەرژەوەندی زۆر و كۆنەقینیش هەن، لەنێویاندا ژاراوی مێژوو و نەفرەتی جوگرافیا. ئەو وڵاتانە بەیەكدی دەگەن و لەیەكدیش جودا دەبنەوە، هاوپەیمانی دژبەیەكدی دەگرن و دواتر ئاشت دەبنەوە و باسی كردنەوەی لاپەڕەی نوێ دەكەن. بەڵام تا ئێستە تاكە بەندی هاوبەشی نێوانیان ترسیانە لەوەی كورد دەست بەخەونی لەمێژینەیانەوە بگرن، سەرباری ئەو هەموو نەهامەتییانەی بەسەریان هاتووە. ئەمڕۆش ئەو وڵاتانە بەشێوەیەك ڕەفتار دەكەن، كە باوەڕیان وابێت كورد لە داعش مەترسیدارترە، بەڵام دوو دڵن لە دركاندنی ئەو باوەڕەیان.


نووسەرە عەرەبەكە دەنووسێ شارەزایانی ناوچەكە دەزانن كە داعش هەر دەبێ لەناوبچێ. هەبوونی داعش لەو ناوچەیە گەورەترە لە توانای بەرگەگرتنی ناوچەكە و جیهانیش. تیرۆر كاتێ دەبێتە ناونیشانێكی زل بەدەستی خۆی قەبر بۆ خۆی هەڵدەكەنێ. بۆیە ئەو چوار وڵاتە وەها رەفتار دەكەن كە گوایە داعش مەترسییەكی كاتیە و تێپەڕ دەبێ، بەڵام كورد مەترسییەكی گەورەن و جێگیرن.


هەروەها ئاشكرای دەكات كە ترسی داعش وای لە ئەردۆگان نەكرد بەسەر غرووری شكاویدا خۆیدا بڕوات و سازش بكات، بەڵكو ئەوە ترسیەتی لە كورد. ترس لە كوردانی ناوخۆی توركیا و كوردانی سوریا. بەم شێوەیە لە گەشتەكەی بۆ ساینت پترسبۆرگ تێدەگەین، هەروەها لە گەشتی داهاتووشی بۆ ئێران. هەروەها راگەیاندنی دەوڵەتەكەی بەقبووڵكردنەوەی بەشار ئەسەد وەك سەرۆكی سوریا بۆ قۆناخی داهاتوو.


نووسەرە لبنانیەكە ئەوەش دەنووسێ كە رەفتارەكانی نوكەی ئەردۆگان بووە هۆی هاندانی رژێمی سوریا بەوەی كارتەكانی خۆی ئاشكرا بكات و دەریخات كە كورد بۆ ئەوانیش لە داعش مەترسیدارترە. هێرشەكانی ئەم دواییەی بۆ سەر حەسەكەش بەشێوەیەكی كردارەكی وەكو گۆڕینەوەی پەیام بوو لەگەڵ توركیا. گرتنەبەری هەڵوێستی توند لە دژی كوردان، دەشێ ببێتە پردێك بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندی ئەنقەرە و دیمەشق، ئەگەرچی هەردوو سەرۆك نێوانیشیان نەمابێت.


لە بەشێكی تری وتارەكەدا هاتووە كە ئێران لەلای خۆیەوە بەردەوامە لە بچوكردنەوەی رۆڵی كوردان، ئەوە قبووڵ ناكات كوردی ئێران باسی دۆخێكی هاوشێوەی كوردانی عێراق بكات.


هەروەها دەڵێ لەو كاتەی خومەینی سەركەوت، شاندێكی كوردی سەردانیان كرد و باسی مافی كوردیان بۆ كرد، ئەویش گوتی كێشەیەك نیە بەنێوی كێشەی كورد، شۆڕشەكە ئیسلامییە. بەڵام شۆڕشەكەی خومەینی كێشەی كوردانی چارەسەر نەكرد.



دەشنووسێ كە ئێران بەرژەوەندییەكی راستەقینەی هەیە لە لەناوبردنی خەونی كوردانی سوریا. سوریای فیدراڵ وا دەكات ئێران نەحەسێتەوە. ئێرانیش وا هەڵسوكەوت دەكات كە كورد لە داعش مەترسیدارترن.


هەروەها دەنووسێ وتوێژەكانی بەغداش لەبارەی رۆڵی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە رزگاركردنەوەی شاری موسڵ لە دەست داعش، بەجۆرێكە كە جیاوازیكردنی ئەوانیش بۆ داعش و كورد جیاوازیكردنە لە نێوان مەترسییەكی گەورەی نوكەیی و مەترسییەكی گەورەی هەمیشەیی.


ئاماژەش بەوە دەكات كە ئەگەرچی داعش مەترسییەكی گەورەی بۆ سەر ناوچەكە و جیهانیش دروست كرد، بەڵام وەحشیگەرییەكەی بووە هەلێك بۆ وڵاتانی هەرێمی و زلهێزەكان كە ئەجێنداكانیان لە عێراق و سوریا جێبەجێ بكەن. دواجار هێزەكانی هاوپەیمانان داعشیان خستە كونێكەوە، بەڵام وڵاتانی ناوچەكە ئێستە لە خۆڕێكستنەوەدان لە دژی مەترسی هەمیشەیی كوردان زیاتر لە مەترسی كاتی داعش.


شەربڵ دەڵێ "پێدەچێ ڕووبارێكی درێژی خوێن و توندوتیژی بەڕێوەبێ، لەبەرئەوەی هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ كورد وەك مینێكی چێندراو لەنێو نەخشەی ناوچەكەدا، پێشبینی شەڕ و لێكترازانی زیاتر لەگەڵ خۆی دێنێ. ناتواندرێ دۆخی كوردانی سوریا بگەڕێندرێتەوە بۆ دۆخی پێنج ساڵ لەمەوبەر. ناتواندرێ تاهەتایە راوەدووی كوردانی توركیا بنرێت. كێشەی كوردانی ئێرانیش بەتێكدانی دۆخی هەرێمی كوردستانی عێراق چارەسەر نابێت".


لە كۆتاییشدا دەڵێ "ڕەتكردنەوەی دان پێدانان بەمافی جیاوازبوونی كوردان، كارەساتێكە تەنها بەسەر كورداندا ناشكێتەوە".
Top