جێگری پارێزگاری سلێمانی: یەکێتی کێشە نێوخۆییەکان دەنێرێتە دەرەوە
رۆژی دووشەممە 22-8-2016 سەردار قادر، جێگری پارێزگاری سلێمانی لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک گوتارێکی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە بڵاوکردووەتەوە.
سەردار قادر لە بارەی ھاوپەیمانییەتی گۆڕان و یەکێتی نووسیویەتی "لە وادەی ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی ئەنجوومەن و پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەڵەبجە، ھەموو لایەک و شەقام وا چاوەڕوانی دەکرد کە زەمەنی رکابەر گۆڕابێت بە زەمەنی ھاوپەیمان؟، بەڵام ئەوەی دەبینرێت و دەگوترێت، ئەوەی کاری لەسەر ئەکرێت نەک ھی ھاوپەیمان نییە بەڵکو وەک رکابەری سەرسەخت لێکدەدرێتەوە".
سەردار قادر دەشڵێت "لە کاتی وادەی ئاڵوگۆڕی پۆستەکان، گۆڕان دەیەوێت پرۆسەکە بە شێوازی تەندروست بڕوات بەڕێوە، پیشاندانی ئاڵوگۆڕی پۆستەکان وەک دەرکەوتەی ھەڵبژاردن بەشێوازی ئاشتییانە و گێڕانەوەی ھێمنی بۆ شەقام و بەشداری لە چارەسەری گرفتەکان".
جێگری پارێزگاری سلێمانی روونیدەکاتەوە، بزووتنەوەکەی بەشێکە لە چارەسەری قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان و دەڵێت "ئاڵوگۆڕی پۆستەکان خێر پێکردن نییە بە گۆڕان بەڵکو ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن و بەرەنجامی رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتییە".
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا، سەردار قادر رایدەگەیێنێت "گەر ھاوپەیمانەکەی گۆڕان کە یەکێتیە، دەیەوێت گرفتەکانی ناوخۆی خۆی بەرەو دەرەوەی خۆی بنێرێت، بە دەرئەنجام گواستنەوەیە لە ھاوپەیمانەوە بۆ رکابەر، دەرخستنی بۆچوونی نایاسایی بۆ دۆسییەیەكی یاسایی خۆی لە خۆیدا ھەوڵدانە بۆ پەکخستنی پرۆسەکە".
جێگری پارێزگاری سلێمانی راشکاوانە داوای ھەڵپەساردنی پۆستەکان لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی و ھەڵەبجە دەکات و دەڵێت "گۆڕان کاتی ئەوەیەتی کە پۆستەکانی حکومەتی خۆجێیی هەڵبسپێرێت تاوەكو جێبەجێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان، ئەگەر جێبەجێشنەکرێت دەرگای کشانەوە واڵا بێت لەبەر دەستی گۆڕان و بەشداری لە دەسەڵاتدا لەم قۆناخەدا راوەستێنیت؟".
بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە 21-8-2016 ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی بکرێت، ھەڤاڵ ئەبوبەکر سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەنێو ئەنجوومەن دەنگی وەکو پارێزگار پێبدرێت، بەڵام بە ھۆی نەگەیشتنە ئەنجامی لایەنەکان کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی پێنجشەممە 25-8-2016 دواخرا.
