به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ك ژماره‌یه‌ك كارمه‌ند به‌شێوه‌ى گرێبه‌ست داده‌مه‌زرێنێت
زێبار خالید، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كاروبارى مینى هه‌ولێر، به (باس‌نیوز)ى راگه‌یاند: "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى كاروبارى مینى هه‌ولێر له حامیه‌ی ڕواندز، پێویستى به (20) كارمه‌ندى مینهه‌ڵگره‌وه هه‌یه به‌شێوه‌ى گرێبه‌ست به مووچه‌یه‌كى باش و دیاریكراو، به‌پێى چه‌ند مه‌رجێكى دیاریكراو هه‌ركه‌س ئاره‌زووى دامه‌زراندنى هه‌یه، ده‌توانێت تاكو (29-8-2016) داواكارى پێشكه‌ش بكات".
گوتیشی: "شوێنى كاركردنى ئه‌و مینههڵگرهوانه له سنوورى شارۆچكه‌ی شه‌قڵاوه‌و چۆمان و ڕواندو ده‌وروبه‌ری ده‌بێت مه‌رجه‌كانیش بریتین له ئه‌و كه‌سه‌ى داواكارى پێشكه‌ش ده‌كات نابێت ته‌مه‌نى له 18 ساڵ كه‌متربێت و له 30 ساڵ گه‌وره‌تربێت، نابێت هیچ مووچه‌یه‌كى دیكه‌ى هه‌بێت لهدامو ده‌زگا حكوومییه‌كان، ته‌ندروستى و له‌ش ساغ بێت و له پشكنین ده‌ربچێت، بڕوانامه‌ى له ده‌رچووى ئاماده‌یى كه‌متر نه‌بێت".
