دەستگیرکردنی مێردمنداڵەکەی کەرکوک ناکۆکی خستووەتە نێوان دەزگا ئەمنییەکانەوە

دەستگیرکردنی مێردمنداڵەکەی کەرکوک ناکۆکی خستووەتە نێوان دەزگا ئەمنییەکانەوە


ڕووداوی دەستگیرکردنی مێرمنداڵێک لە شارى کەرکوک کە پۆلیس دەڵێت پشتێنى بۆمبڕێژکراوى بەستبوو، ناکۆکی خستۆتە نێوان هەندێک لە هێزە ئەمنییەکانى شارەکە بە جۆرێک هەریەکەیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خۆکوژەکە لەلایەن هێزەکانى ئەوانەوە دەستگیرکراوە.

بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی كەركوك لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ووردەكاری تەقینەوەكەی كەركوك و دەستگیرکردنی مێرمنداڵەکەى راگەیەند و ئاماژەى بەوەکرد کە چەند دەزگایەكی ئەمنی دەیانەوێت ئەو منداڵە كە بە پشتێنێكی بۆمبڕێژكراو دەستگیركرا بكەن بە چالاكی خۆیان، وەک ئاماژەیەک بەو گرژی و ئاڵوزییەی لەکاتی ڕووداوەی دەستگیرکردنەکەدا لەنێوان ئاسایشی پارتی و پۆلیسی كەركوك ڕوویدابوو.

بڵاوبوونەوەی وێنەى ئەو مێرمنداڵەى کە گوایە پشتێنى بۆمبڕێژکراوى بەستوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەى جیاوازى لێکەوتەوە و بەشێک لە هاوڵاتیانی شارەکە ڕووداوەکەیان بە سیناریۆ لە قەڵەمدا و بەشێکیتریش پێیانوایە ئاسایشى پارتى دەیەوێت دەستگیرکردنی منداڵەکە بکات بە چالاکی بۆ دەزگاکەیان.

لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارتی لە کەرکوک ڕەتیکردەوە ڕووداوەکە سیناریۆی ئەوان بێت و جەختی کردەوە کە لەکاتی ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی خۆکوژەکە هاوشێوەی پۆلیس بەشدارییان کردووە.

شەوی ٢١ی ئاب، خۆکوژێک بە پشتێنی بۆمبڕێژکراو لەبەردەم حوسێنییەی ئیمام جەعفەر بن سادق خۆی تەقاندەوە و مێرمنداڵێکیش دەستگیرکرا کە پۆلیس دەڵێت پشتێنى بۆمبڕێژکراوى بەستووە، دواتریش لە گەڕەکی تسعین تەقینەوەیەک ڕوویدا.

بە وتەی پۆلیسی کەرکوکیش ئەو مێرمنداڵەى دەستگیرکرا لەلایەن داعشەوە لە موسڵ ڕاهێنانی پێکراوە و هەفتەیەکە لە موسڵەوە هاتۆتە ناو شاری کەرکوک.

ئەم ڕووداوانە لەکاتێکدایە لە کەرکوک و هەندێک لەو ناوچانەى کە لە چوارچێوەى مادەى ١٤٠ دان دوو دەزگاى ئاسایشى تێدایە کە سەر بە یەکێتى و پارتین و بە یەک ئیدارەى کارگێڕى و سیاسى کار ناکەن.
Top